سەدر داوا لە لایەنگرانی دەکات لە ماوەی 60 خوولەکدا بکشێنەوە

بکوژ و کوژراو دەچنە دۆزەخ
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در        وێنه‌: AA
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در وێنه‌: AA

K24  - هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ر ره‌وتی سه‌در له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی سه‌در له‌ ناوچه‌ی سه‌وز نه‌كشێنه‌وه‌، ئه‌وان به‌شێك نین له‌ ره‌وتی سه‌در.

رۆژی سێشه‌ممه‌ 30ـی ئابی 2022، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی له‌باره‌ی دۆخی ئێستای عێراق سازكرد و داوای كۆتاییهاتنی گرژی و ئالۆزییه‌كانی كرد، له‌هه‌مان كاتدا داوا له‌ لایه‌نگرانی كرد له‌ماوه‌ی 60 خوله‌كی داهاتوودا بكێشنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌كشێننه‌وه‌، ئه‌وانه‌ به‌شێك نین له‌ ره‌وتی سه‌در.

سه‌در رایگه‌یاند، داوای لێبووردن له‌ گه‌لی عێراق ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من. له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بكوژ و كوژراوانی نێو خۆپیشاندانه‌كان هه‌ردووكیان ده‌چنه‌ نێو دۆزه‌خه‌وه‌.

موقته‌دا سه‌در له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا گوتی، " نیشتیمانم بووه‌ته‌ دیلی گه‌نده‌ڵی، داوام نه‌كردبوو خوێن بڕژێت و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ رووبده‌ن، به‌ڵكوو داوام كردبوو خۆپیشاندانێكی ئاشتییانه‌ رێكبخرێت، به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات من وه‌ك شۆڕه‌ش نایببینم".

موقته‌دا سه‌در سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و رایگه‌یاند، حه‌شدی شه‌عبی نه‌بووه‌ چه‌كی به‌كارهێناوه‌، به‌ڵكوو سه‌ركرده‌كانیان بوونه‌، ئه‌وانیان هانداوه‌. ده‌شڵێت، " نه‌وه‌كانی محه‌ممه‌د سه‌در هه‌رگیز باوه‌ڕیان به‌ خوێن رشتن نییه، چونكه‌ رشتنی خوێنی عێراقیه‌كان حه‌رامه‌، هه‌ندێك میلیشیات هه‌ن توندووتیژن".

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، جارێكی دیكه‌ كاری سیاسی ناكات، به‌ڵكوو وه‌ك هاونیشتیمانییه‌كی عێراقی ده‌مێنێته‌وه‌، داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌ی عێراق بده‌ن‌.