لایەنگرانی سەدر کشانەوە

کاتی کشانەوەی لایەنگرانی سەدر - فۆتۆ: ماهر شنگالی
کاتی کشانەوەی لایەنگرانی سەدر - فۆتۆ: ماهر شنگالی

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی موقتەدا سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوایکرد لە ماوەی یەک کاتژمێردا کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی بەغدا بهێندرێت و لایەنگرانی بکشێنەوە، خۆپیشاندەران لە ناوچەی سەوز دەستیان بە کشانەوە کرد.

خۆپیشاندەرێک کە لە ناوچەی سەوز قسەی بۆ کوردستان24 کرد، گوتی: "موقتەدا سەدر لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی لە ماوەی 60 خولەک بکشێنەوە ئێمە دەکشێینەوە، ئەگەر ئەوانیش نەکشێنەوە ئێمە جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆمان".

یەکێکی دیکە لە خۆپیشاندەرەکانی دەڵێت: "ئێمە هۆز و عەشیرەتەکانی عێراق بە فەرمانی موقتەدا سەدر هاتووینەتە ئێرە و بە فەرمانی ئەویش دەکشێینەوە، ئێمە هیچ شتێک بەبێ فەرمانی ئەو ناکەین، پێمان بڵێت بمرن، دەمرین، چونکە قسەی سەدر لای ئێمە لە هەموو شت گرنگترە".

ئەمڕۆ 30/8/2022، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای لە لایەنگرانی کرد بکشێنەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی بەغدا بهێندرێت.

سەدر، گوتی: "غەمگینم بەوەی لە شەقامەکانی بەغدا دەیبینم، داوای لێبوردنی لە گەلی عێراق دەکەم، بکوژ و کوژراو هەردووکیان دەچنە دۆزەخەوە".

راشیگەیاند: "نیشتمانەکەم بووەتە دیلی دەستی گەندەڵی و توندوتیژی، هەمیشە خواستوومە خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانە هەبێت، بەڵام دوور لە هاوەن و ئارپیچی".