سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵوێستەکەی موقتەدا سەدر ده‌كات

"داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و رزگارکردنی عێراق لەو دۆخە قورسە، دەست بە گفتوگۆ بکەن"
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەڵوێستی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر کرد و داوای لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد، بۆ دەربازبوونی وڵات لە دۆخی ئێستای، دەست بە گفتوگۆ بکەن.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، پێشوازی لە هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی سەرۆکی رەوتی سەدر کرد.

نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، "پێشوازی لە هەڵوێستی سەماحەتی بەڕێز موقتەدا سەدر و داوای کۆتاییهێنان بە گرژییەکان و کشانەوەی لایەنگرانی لە ناوچەی سەوز دەکەین، پشتگیری هەڵوێستی نیشتمانی و بەرپرسیارانەی دەکەین، هیوادارین ئاسایش و ئارامی لە وڵات جێگیر بێت، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ چارەکردنی کێشەکان و رزگارکردنی عێراق لەو دۆخە قورسە، دەست بە گفتوگۆ بکەن".

ئەمڕۆ (سێ شەممە 30ـی ئاب) موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، داوای لە لایەنگرانی کرد، لە ماوەی کاتژمێرێکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و کۆتایی بە پێکدادانەکان بێنن.

سەرۆکی رەوتی سەدر، هەروەها دووپاتیکردەوە کە رشتنی خوێنی عێراقییەکان "حەرامە" و گوتی: بکوژ و کوژراو، دۆزەخین.

دوای ئەو داوایەی سەدر، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، قەدەغەی هاتوچۆی لە تەواوی عێراق هەڵگرت و لایەنگرانی سەدریش لە ناوچەی سەوز کشانەوە.

بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی 25 کەس گیانیان لەدەستداوە و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوونە.