لە پەراوێزی یەکەمین کۆنفرانسی زانستی بۆلۆنیا پرۆسێسدا لە کوردستان

Kurd24

لە رۆژانی ٢٨ و ٢٩ مانگی ئابدا وەزارەتی خوێندینی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆنفراسێکی زانستی تایبەت بە بۆلۆنیا پرۆسێس ئەنجامدا، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانی بیانی و خۆماڵی لە بواری جێبەجێکردنی ئەم شێوازەی خوێندن لە پەنالەکاندا بەشداربون و گفتوگۆی باش لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بەم پرۆسەیە کرا.

بۆلۆنیا پرۆسێس یان پێواژوی بۆلۆنیا لە زنجیرەیەک کۆبونەوە و رێکەوتن لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا هاتەکایەوە بە مەبەستی پێکگرتن و بەراوردکردن و رێکخستن و گونجاندنی ستاندارد و کوالیتی شیاوی و تواناکان و برواناماکانی خوێندنی باڵا و زانکۆکان. ئەم هەوڵانەش لە رێکەوتن و دانپیانانی لیسبۆن، ناوچەی خوێندنی باڵای ئەوروپی لێ هاتەکەیەوە. ناوی بۆلۆنیا لە زانکۆی بۆلۆنیاوە هاتوە کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٩٩ بەیاننامەی بۆلۆنیا لەنێوان ٢٩ وڵاتی ئەوروپی لەم زانکۆیە واژوکرا.

دەمەوێت لەم وتارەدا چەند سەرنج و تێبینیەک لە بارەی کۆنفراسەکە و پرۆسەکە بخەمە روو. سەرەتاش لە لایەنە باشەکانەوە دەست پێدەکەم و پاشان چەندلایەنێک دەخەمە روو کە دەکرا بەشێوەیەکی باشتر ئەنجامدرابا.

لە هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا لە خالی سێزدەدا هاتوە: ' کاردەکەین لە پێناو گرنگیدان بە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمەش لە رێگەی پێشخستن و بەرزکرنەوەی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە ڕووی جۆری، هەروەها فەراهەمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی'. پێموایە ئەم کۆنفرانسە یەکێکە لە کارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و جێگای دەستخۆشیە. با چیتر ئەجێندا و کارنامەکانمان تەنها لەسەر کاخەز و لەنێو وێبسایتەکان نەبن، با بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێبەجێکردنی پێواژوی بۆلۆنیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کارێکی باشە و لە زۆر روەوە دەرفەتێکی باشە بۆ زانکۆکان و قوتابیان و دەرچوان، بەڵام بێ بەربەست و ئالینگاریش نیە. لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە زانکۆکان رێگایان لەبەردەم خۆشدەبێت بۆ ئەوەی لە قاوغی لۆکاڵی و ناوچەیی بچنە دەرەوە و بەرەو ئەوە بڕۆن و هەوڵبدەن ببن بە دامەزراوەی نێودەوڵەتی، چونکە لەوانەیە لە هەندێ بواردا بوونی دەزگای لۆکاڵی پێویست بێت بەڵام بونی زانکۆی خۆماڵی لە سەدەی بیستویەکەمدا دیاردەیەکی ئاسایی نیە. ئەمرۆ یەکێک لە پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی زانکۆکان ئەوەیە کە چەند مامۆستا و قوتابی بیانیان هەیە و چەند فەندی نێودەوڵتیان وەرگرتوە.

لەلاێکی ترەوە، بە جێبەجێکردنی ئەم پێواژوە، بروانامە و یەکەکانی خوێندنی قوتابیان دەناسرێنەوە و متمانەیان پێدەدرێت، ئەمەش دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ قوتابیان کە لە هەر زانکۆ و شار و وڵاتێک بیانەوێت بتوانن درێژە بە خوێندنی خۆیان بدەن. جگە لەمەش ئەم شێوازەی خوێندن وا لە فێرخواز دەکات کە خۆی کار بکات و ببێتە چەقی خوێندن و چیتر لەلایەن مامۆستایانەوە تەلقین نەدرێن، بەڵکو بەخۆیان هەوڵبدەن بە دوای کۆزان و زانست و فێربونی کاردا بگەرێن و کە خوێندنیش تەواو دەکەن بتوانن متمانەیان بەخۆیان بێت و بەپێی پسپۆری و لێهاتویی خۆیان کارێکی شیاویان دەستکەوێت.

لێژنەکانی کۆنفرانس شەونخونی و ئەرکێکی زۆریان کێشابوو بۆ ئامادەکردنی درافتێک کە دەکرێت لە داهاتودا بکرێتە چوارچێوەیەکی نیشتیمانی بۆ جێبەجێکردنی پێواژوی بۆلۆنیا لە کوردستان، بەڵام دەکرا لە رۆژانی کۆنفراسەکەدا کاتێکی باشی بۆ تەرخانبکرێت بۆ ئەوەی موناقەشەی زیاتری لەسەر بکرێت و رای جیاواز و فیدباکی زیاتر وەربگیرێت بۆ دەوڵەمەندکردنی درافتەکە، چونکە من پێموایە کاری سەرەکی کۆنفراسەکە ئەمەبو.

خاڵێکی تری باشی ئەم کۆنفراسە ئەوە بو کە ژمارەیەکی باش لە بڕیاربەدەستانی وەزارەت لە ئەندامانی

ئەنجومەنی وەزارەت و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و هەندێک لە سەرۆک زانکۆکان، هەتا بەڕێزان وەزیر و وەکیلی وەزارەتیش تا کۆتایی کۆنفرانسەکە مابونەوە. بەداخەوە لە زۆر بۆنەی تردا تەنها لە سەعاتی یەکەمدا بۆ رەسمگرتن و میدیاکان ئامادەدەبن و کە بابەتە جدیەکان دەستپێدەکەن ئەوان بەجێیدەهێلن.

هەرچەندە من خۆم یەکێکم لە پاڵپشتانی جەبەجێکردنی پێواژوی بۆلۆنیا لە زانکۆکانی کوردستان و لە ساڵانی رابردوشدا لە رێگای تیمێکی چاڵاکەوە بە جدی کارمان لەسەرکردوە و لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر تا رادەیەکی باش جێبەجێمان کردوە، بەڵام حەزمدەکرد لەم کۆنفراسەدا زیاتر بوار بە رای جیاواز و پێچەوانەش بدرابا بۆ ئەوەی بەربەست و ئالێنگاریەکانمان بخرایە بەر دەست و زیاتر تاوتوێمان بکردایە. زۆربەی پەنالیستەکان بەرگریکاری سەرسەختی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە بون. دەبوایە لە هەر پەنالێک بەلایەنی کەمەوە کەسێکی تێدابوایە کە لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە نەبوایە، بۆئەوەی پاساوەکانی ئەوانیشمان بزانیبایە.

لەبەر ئەوەی ساڵانێکە ئەم پێواژوە لە هەندێک زانکۆ و هەندێک بەشی زانستی پەیرەو دەکرێت، دەبوایە زیاتر بوار بە مامۆستایان و قوتابیان بدرابا کە راو و سەرنج و تێبینی و فیدباکیان بدابا، نەک تانها ژمارەێک پسپۆر و مامۆستا کە بەشداربون لە پەناڵەکان یان توێژینەوەیان ئەنجامدابو. هەتا بەشداربوانیش دیاریکراوبون و بە نوسراوی فەرمی زانکۆکان ئاگادارکرابونەوە کە کێ بۆی هەیە باشداربێت. کەسانێک هەبون کە ساڵانێکە کار لەم بوارە دەکەن و ئاگاشیان لە بەستنی ئەم کۆنفراسە نەبو.

کۆنفراسەکە بەشێوەیەکی جوان رێکخرابو و لێژنەی ئامادەکاری زۆر پێوەی ماندوببون و مێوانێکی زۆری بیانی و خۆمالی لە شارەکانی تری کوردستانیش هاتبون، من خۆم شاهێدی بینینی شەونخونی هاوکارنم لە لێژنەکان بوم کە چەندين رۆژ پێش کۆنفراسەکە کاریان دەکرد بۆ ئامادەکردنی برگە و پەنال و کاتی قسەکردنی قسەکەرە سەرەکیەکان.

بەڵام لە رۆژی یەکەمدا تێبینی ئەوەمان کرد شپرزەیێک بە رێکخستنی شوێنی دانیشتنەکان دیار بو. بۆ نمونە پرۆفیسۆر هەبو لە رێزی سێیەمیش شوێنی دانیشتنی نەبو. من لە دەیان کۆنفرانسی زانستی نێودەولەتی بەشداریم کردوە نەمبینیوە شوێنی تایبەت بۆ کەس بگیرێت و کەس بۆی نەبێت لێی دانێشێ، بە پێچەوانەوە هەر کەسێک زوتر بگات لە کوێ بیەوێ دادەنیشێ، نەک بەرپرسەکان لە کاتی دیاریکراوی دەسپێکردنی کۆنفراسەکە نەگەن و شوێنەکەشیان پارێزراو بێت. شوێنگرتن و شوێن دیاریکردن لەوانەیە بۆ کۆبونەوەی حزبی و حکومیەکان هەندێجار پێویست بێت بەڵام بۆ کۆنفرانسی زانستی ئاسایی نیە. بۆیە ئێمە هەر لە بواری خوێندنی باڵا پێویستیمان بە چاکسازی نیە، بەڵکو لەبواری رێکخستنی بۆنەکانیش پێویستمان پێیەتی.

لەگەڵ ئەم تێبینیانەی سەرەوەش، من پێموایە کۆنفراسەکە بە سەرکەوتویی کۆتایی هات. ئەم کۆنفراسە و جێبەجێکردنی بۆلۆنیا پرۆسێس فاکتەرێکی گرنگ دەبێت بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە رووی جۆری و فەراهمکردنی دەرفەتی لەبار بۆ خوێندن و توێژینەوەی زانستی و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ دەرچوان. وەزارەتیش ئەگەر بیەوێت دەتوانێت مناقەشەکانی نێو ئەم کۆنفراسە شۆڕبکاتەوە بۆ ناو زانکۆ کۆلێژ و پەیمانگەکان بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بە مامۆستایان و قوتابیان بدرێت کە زیاتر تاو و توێی ئەم بابەتە بکەن.