ئه‌مه‌ریكا: بۆ رێككه‌وتن له‌باره‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران تۆپه‌كه له گۆڕه‌پانی ئێمه نییه

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ره‌تیكرده‌وه له‌گه‌ڵ ئێران گه‌یشتبنه رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی.
له راگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكرایكردووه، دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئێرانی سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌و وڵاته وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام تۆپه‌كه ئێستا له گۆڕه‌پانی واشنتۆندا نییه، دوای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی خۆمان سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی پێشنیازی ئه‌وروپی بۆ گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌وباره‌یه‌وه پێشكه‌شكردووه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، وته‌بێژی دامه‌زراوه‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی ئێران به ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه، "داواكارییه‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی بۆ وزه‌ی ئه‌تۆمی له ئێران زیاده‌ڕۆیی تێدایه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا سزاكانی سه‌ر تاران لابده‌ن و پابه‌ندبن به به‌ڵێنه‌كانی رێككه‌وتنی پێشوویان، ئه‌وا ئێرانیش جارێكی‌تر پابه‌ند ده‌بێته‌وه به بنه‌ماكانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوانیان.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی قۆناغی كۆتایی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گفتوگۆكانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا سه‌باره‌ت دۆسیته‌ی ئه‌تۆمی تاران، محه‌ممه‌د ئیسلامی، سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، ره‌خنه‌ی توندی ئاڕاسته‌ی فه‌ره‌نسا كرد و رایگه‌یاند، فه‌ره‌نسا دروستكه‌ری زۆرترین كۆسپه له دانوستانه‌كان كه بووه‌ته هۆی درێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران روونیكردووه‌ته‌وه، بنه‌مای دانوستانه‌كان و كاری هاوبه‌ش له نێوان وڵاته‌كه‌ی و ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی، بریتییه له دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئاڕاسته‌ی ئێران ده‌كرێت سه‌باره‌ت به به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی.