وەزیری دەرەوەی ئێران: سەردانی مۆسکۆ دەکەم

مۆسکۆ و تاران لێدوانی جیاواز لەبارەی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ رووسیا دەدەن
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی هەندێ لایەنی رۆژئاوایی و بە مەبەستی چارەکردنی کێشەی ئۆکرانیا، سەردانی رووسیا دەکەم.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەروونی باسی نەکرد کە کام وڵاتی رۆژئاوایی ئەو داوایەی لە ئێران کردووە. چەند رۆژ پێشتریش میدیاکانی ئێران و رووسیا باسیان لە سەردانی حوسێن عەبدوڵاهیان بۆ مۆسکۆ کردووە و دووپاتکراوەتەوە، رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران، تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان دەبێت.

رۆژی 29ـی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاندبوو، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی چوارشەممە (31ـی ئاب) سەردانی مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی باسی "دانوستانی ئەتۆمی ئێران، هاوکاری رووسیا و ئێران لەبواری وەزە و گواستنەوە، پێشوەچوون و گۆڕانکارییەکانی ئۆکرانیا، سووریا و ئەفغانستان" دەکەن.

ئێران هاوشان لەگەڵ بێلاڕووس و ڤەنزوێلا پشتگیری لە هێرشی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. لە ماوەی مانگی رابردووشدا هەواڵی زۆر لەبارەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا لەلایەن رووسیاوە، بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لەلایەن ئێرانەوە رەتکراونەتەوە.