وه‌زیری سه‌در ره‌خنه‌ی توند له چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌گرێت
K24 - هه‌ولێر:
ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، وه‌زیری سه‌در له تویتێكدا ره‌خنه‌ی توند له هه‌وڵه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌گرێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق و دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (31ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، وه‌زیری سه‌در له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق و پێكهێنانی کابینەی حكومه‌تی نوێی، له‌لایه‌ن چوارچێوه‌كه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و ره‌خنه‌ی توندی له به‌رپرسانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی گرت.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: "تووشی سه‌رسوڕمان نه‌بووین له‌باره‌ی هه‌ڵوێست و هه‌وڵه‌كانی "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بێ ئابڕوو" بۆ دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، له كاتێكدا ھێشتا خوێنی شه‌هیده ئاشتییخوازه‌كانی خۆپیشانده‌ران وشك نه‌بووه‌ته‌وه، ئه‌مه بێڕێزیه به‌رامبه‌ریان".
وه‌زیری سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه: "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نه ئابڕووی هه‌یه، نه ئایین و نه كه‌مێك شه‌ره‌فی ململانێ‌یان هه‌یه، ئه‌و "سێیانه بێ ئابڕووی" ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نه‌ده‌زانن مانای چاكسازی چییه، نه‌ده‌زانن شۆڕش چییه، نه‌ده‌زانن ئاشتی چییه و نه له ئازاری خه‌ڵك تێده‌گه‌ن".
وتیشی: ئه‌وان قوربانییان وا ده‌بینن، وه‌ك ئه‌وه‌ی تیرۆریستبن یان زایۆنی بن، ئه‌گه‌ر ماته‌مینی رانه‌گه‌یێنن، ئه‌وا من و ره‌وتی سه‌در له‌مه به‌دواوه ده‌بینه دوژمنی یه‌كه‌میان.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "تا ئێستا چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نه‌یتوانیوه یه‌ك فایلی گه‌نده‌ڵی ئاشكرا بكات، ئه‌وان نه‌ك ته‌نها ئاشقی گه‌نده‌ڵین و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو رقیان له‌وانه‌شه كه هه‌وڵده‌ده‌ن چاكسازی ئه‌نجامبده‌ن و گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵن".
له‌باره‌ی نووسینی ئه‌و په‌یامه‌وه، ساڵح محه‌ممه‌د عێراقی نووسیویه‌تی: "من دوودڵ نه‌بووم له‌نووسینی ئه‌م وتاره "تونده‌م" كه له‌وانه‌یه هه‌ندێك لایه‌ن به‌توند و دوور له بنه‌ما سیاسییه‌كان ناوی ببه‌ن، ئه‌مانه راستین و پێویسته بگوترێن، چونكه بوونی گه‌نده‌ڵكاران له‌ده‌سه‌ڵاتدا خۆی له خۆیدا "فیتنه‌یه" بۆ گه‌لی عێراق".
دەشڵێت: "په‌یامێكم بۆ ئێرانی دراوسێمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر حوشتره‌كه‌تان له عێراق نه‌به‌ستنه‌وه، دوایی په‌شیمان ده‌بنه‌وه".
ئه‌م په‌یامی وه‌زیری سه‌در له كاتێكدایه دوێنێ سێشه‌ممه (30ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022)، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا داوای له لایه‌نگرانی كرد كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بهێنن و ناوچه‌ی سه‌وز چۆڵبكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ر لایه‌نگرێكی سه‌در نه‌كشێته‌وه، ئه‌وا به‌شێك نییه له ره‌وتی سه‌در.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سه‌در داوای له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق كرد به‌یه‌كه‌وه هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌كردنی گرفته‌كانی عێراق بده‌ن، سوپاسی هێزه ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبیشی كرد و رایگه‌یاند، هێزی حه‌شدی شه‌عبی نه‌بووه ته‌قه‌ی كردووه و خۆپیشانده‌رانی كوشتووه، به‌ڵكوو سه‌ركرده‌كانیان بوونه، كه ئه‌وانیان هانداوه.