خەزعەلی رەخنە لە کازمی دەگرێت

"سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە"
خەز عەلی
خەز عەلی

K24 - هەولێر:

ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلولحەق رایگه‌یاند، مستەفا کازمی بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە لە پاراستنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلولحەق، لە پەیامێکیدا رایگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوودا عێراق بە خراپترین دۆخی خۆی دوای ساڵی 2003 تێپەڕی، دەوڵەت رووبەڕووی هەڕەشەیەکی جددیی بووەوە.

گوتیشی: "بڵاوبوونەوەی جۆرەها چەکدار و تەقەکردن بە جۆرەها چەک، هەڕەشەیەکی جددی بوون لەسەر دامەزراوە ئابووری و کێڵگە نەوتییەکان و مەزارە ئاینییەکان، ئەگەر هەمووان پابەندی فەرمانەکانی مەرجەعیەت بووبان، ئەو دۆخە رووینەدەدا".

خەزعەلی، وتیشی: "مستەفا کازمی، وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان نەیتوانی بە ئەرکی خۆی هەستێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری".

 داواشی کردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانە بکرێت، کە یاسایان پێشێل کرد و ئەو کەسانەش کە بە ئاشکرا تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان دەکرد سزا بدرێن.

رۆژی 29ی ئابی 2022، موقتەدا سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند، ئەمەش بارودۆخی عێراقی ئاڵۆزتر کرد.

سەدرییەکان جارێکی دیکە روویان کردە ناوچەی سەوز و چوونە ناو باڵەخانەی حکومەت، لە ئەنجامدا شەڕ لەنێوان لایەنگرانی سەدر و هێزە چەکدارەکان دروستبوو.

بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 30 کەس کوژراوە و لانیکەم 300 کەسی دیکەش برینداربوون.

پاش دوو رۆژی ئاڵۆزبوونی شەقامی عێراقی لە دوێنێ موقتەدا سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای کرد خۆپیشاندەران لە ماوەی 60 خولەکدا بکشێنەوە.

دوای ئەو گوتانەی سەدر دۆخەکە هێوربووەوە و زۆربەی لایەنە سیاسییەکان و باڵیۆزخانە و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازییان لە دەستپێخەرییەکە کرد بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و دەربازبوونی عێراق لەو دۆخەی تێکەوتووە.