هێوربوونەوەی دۆخی عێراق و قەیرانی هەڵاوسان نرخی نەوتی دابەزاند

K24 - هەولێر:

مەترسییەکان لە داکەوتنی ئابووری جیهان بەهۆی گوشارەکانی هەڵاوسان و هەروەها هێوربوونەوەی دۆخی عێراق دوای گرژییەکان، نرخی نەوتی لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا دابەزاند.

لە دوێنێ سێشەممەوە نرخی هەردوو جۆر نەوت بە نزیکەی %5ی نرخەکانیان لەدەستداوە، لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.92% بۆ 98.40 دۆلار دابەزی و نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی 0.67% بۆ 91.03 دۆلار دابەزی.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا، بەهۆی گرژییەکانی ناوخۆی عێراق و مەترسییەکان لەسەر هەناردەی وڵاتەکە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ نزیکەی 103 دۆلار بەرزبووەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، بە تایبەت لە ئەمەریکا و ئەوروپا، کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووری و خواست بۆ سووتەمەنی دروستکردووە.