پارتی: 31ی ئاب وەڵام بوو بۆ داگیركاری

وەڵامێك لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە

K24 – هەولێر

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە وەڵامێکدا بۆ مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت: 31ی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتیەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو كە ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتیمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەبارەی رووداوەكانی سی و یەكی ئابی 1996 راگەیانراوێكی بڵاوكردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكانی ئەم رووداوە بدات. لێرەدا بەبیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە سی و یەكی ئاب دەرئەنجام و كاردانەوەی هێنانی بە لێشاوی هێزی سوپای پاسدارانی ئێران بوو، لە لایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە لە شەوی 16 لەسەر 17ی ئابی 1996 كە لە چەند قۆڵێکەوە پەلاماری خاكی كوردستانیان دا. سی و یەكی ئاب وەڵام بوو بۆ ئەو داگیركاری و پەلامارە و، بە كورتیەكەی (دفع الافسد بالفاسد) بوو كە ئاوەدانی و سەقامگیری بۆ خەڵكی كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و نیشتیمانیش وەك خۆی بە پارێزراوی مایەوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "لەگەڵ ئەوەشدا بەبیریان دەهێنینەوە، لووتكەی خیانەت ئەو كاتە بوو كە لە شازدەی ئۆكتۆبەری 2017 دا بە رێککەوتنێکی ژێربەژێری بەشێکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، نیوەی خاكی كوردستان بە كەركووكیشەوە تەسلیمی نەیارانی گەلی كوردستان كرا".