جه‌زائیر.. گۆشتی هێستر و گوێدرێژ بەنرخی گۆشتی مانگا فرۆشراوە

بەمیکانیزمی گۆشتی مانگا مۆری کوشتارگەیان لێداوە
گوێدرێژ و هێستر
گوێدرێژ و هێستر

K24 - هەولێر:

دەزگا ئەمنییەکانی جەزائیر دەستگیرکردنی تۆڕێكی تاوانکاریان راگەیاند، کە گۆشتی گوێدرێژ و هێستریان بەسەر قەسابخانەکاندا دابەشکردووە و بەمیکانیزمی گۆشتی مانگا مۆری کوشتارگەیان لێداوە.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی جەزائیر، لە باشووری پارێزگای تلمسان پاش ئەوەی زانیاری لەسەر بوونی چالاکی نایاسایی لە شوێنێکدا درایە دەزگا ئەمنییەکان، راستەوخۆ لەگەڵ وەرگرتنی فەرمانی دادگا بۆ پشکنینی شوێنەکە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکووتایە سەر شوێنەکە و پاشماوەی گۆشتی هێستر و گوێدرێژیان تێدا دۆزیەوە.

لە ئەنجامی پشکنینەکە دەرکەوت، شوێنەکە کوشتارگەیەکی نهێنییە و تێیدا گوێدرێژ و هێستر سەربڕاون، گۆشتەکەی مۆری گۆشتی مانگایان لێدراوە و دواتر بەسەر بەشێک لە قەسابخانەکانی ناوچەکەدا دابەشکراوە.

دەزگا ئەمنییەکانی جەزائیر دەستیان بەسەر تەواوی شوێنەکەدا گرت و چەند گومانلێکراوێکیان دەستگیرکرد.

.

گوێدرێژ بە ئەندامێکی خێزانی ئەسپەکان پۆلێن دەکرێت، کە بە شێوەیەکی گشتی بۆ گواستنەوە و کێڵانی زەوی بەکارهاتووە. 

هێستر لە جووتبوونی ئەسپ و گوێدرێژ دروستدەبێت، لە گوێدرێژ گەورەترە و لە ئەسپ بچوکترە.