سناپچات لە سەدا 20ـی کارمەندەکانی دەردەکات

سناپچات ساڵێکی سەخت بەڕێدەکات
سناپچات
سناپچات

K24 - هەولێر:

تۆڕی پەیوەندی کۆمەڵایەتی سناپچات 20%ـی کارمەندەکانی لە کارەکانیان دووردەخاتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 1000 کارمەند.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی CNBC، دەرکردنی کارمەندەکان لە ئەمڕۆوە لە چەند بەشێکی دیاریکراوی دامەزراوەکەدا دەستپێدەکات، لەوانەش بەشی هاردوێر و بەشی گەشەپێدەری بەرهەمەکان.

ئەمساڵ سناپچات ساڵێکی سەخت بەڕێدەکات، بەگوێرەی زانیارییەکان، قازانج و داهاتی کەمیکردووە.

ئاماژە بەوەشدرا، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا پشکی سناپچات 25% دابەزیووە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتی فەیسبووک، ئیسنتاگرام و وەتسئەپ دەکات، لە پێشبینییەکانیدا بۆ چارەکی دووەمی ئەمساڵ هەڵەی لە شیکارییەکانیدا کردووە.

کۆمپانیاکانی بواری تۆڕی پەیوەندی و کۆمەڵایەتی لاوازی ئابووری و قەیرانی دارایی بەهۆکاری کەمبوونەوەی رێکلامی دیجیتاڵی بازرگانەکان دەزانن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم کۆمپانیایانە رایانگەیاندووە، "نوێکردنەوەی تایبەتمەندی کەسی لە ساڵی 2021 بۆ iOS-ی ئەپڵ وایکردووە کە بەدواداچوون بۆ داتای بەکارهێنەران قورستر بێت، بەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر رێکلامە ئۆنلاینەکانیان دروستکردووە.