تاران: سنووری عێراق به‌ڕووی زیاره‌تكارانی ئێران ده‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو به‌هۆی گرژییه ناوخۆییه‌كانه‌وه، تاران ده‌روازه سنوورییه‌كانی خۆی به‌ڕووی عێراقدا داخست، له‌مباره‌یه‌وه وه‌زیری ناوخۆی ئێران ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا هه‌ماهه‌نگی كراوه، تاران سنووره‌كانی به‌ڕووی ئه‌م وڵاته‌دا بكاته‌وه.
ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، وه‌زیری ناوخۆی ئێران، ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 31ـی ئاب/ئۆگێستی 2022) گوتی: "دوای ئاساییبوونه‌وه‌ی گرژییه‌كانی عێراق، به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته، ده‌روازه سنوورییه‌كان كرانه‌وه".
وه‌حیدی راشیگه‌یاند، به‌رپرسانی عێراقی ئاماده‌یی خۆیان بۆ پێشوازی له زیاره‌تكارانی چله‌ی ماته‌مینی شه‌هیدكردنی ئیمامی حوسێن (ره‌زای خودای له‌سه‌ر بێت)، نیشانداوه.
هیواشی خواست ئه‌و ئاسایش و سه‌قامگیرییه‌ی له عێراقدا هه‌یه، به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له رۆژانی هاتنی زیاره‌تكارانی ئێرانی، بۆ ته‌واوكردنی مه‌راسیمه ئایینییه‌كانیان.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، كۆماری ئیسلامی ئێران به‌هۆی گرژییه‌كانی ناوخۆی عێراقه‌وه، ده‌روازه سنوورییه‌كانی خۆی به‌ڕووی ئه‌م وڵاته‌دا داخست.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به زیاره‌تكارانی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن، ئێران تیمێكی 80 كه‌سی ره‌وانه‌ی ده‌روازه‌كانی سنووری له‌گه‌ڵ عێراقدا كرد.
سه‌رۆكی رێكخراوی حه‌ج و زیاره‌تكارانی ئێرانیش پێشبینی ئه‌وه ده‌كات، ملیۆنان كه‌س له پێكهاته‌ی هاووڵاتیانی شیعه مه‌زهه‌ب، به‌شداری مه‌راسیمی چله‌ی شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن له كه‌ربه‌لادا بكه‌ن.
وا بڕیاره 16 – 17 ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2022، مه‌راسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمام حوسێن نه‌وه‌ی په‌یامبه‌ری ئیسلام موحه‌ممه‌د (درودی خودای له‌سه‌ر بێت)، له كه‌ربه‌لا به‌ڕێوه‌بچێت.
پێشتریش شاندێكی پارێزگای ئازه‌ربێجانی رۆژئاوا (ورمێ)، به‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د سادق موعته‌مدیان پارێزگاری ئه‌و شاره، سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێریان كرد و له میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ی به‌وه دا، ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران به‌ڕووی زیاره‌تكارانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ مه‌زارگه و شوێنه ئایینییه‌كانی عێراق ده‌كرێته‌وه.
رۆژی 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگه‌یاند و، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، بەڵام نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
بۆ رۆژی دواتر شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامبوون، به چه‌كی گران و مام ناوه‌ند له ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد، به‌هۆیه‌وه ده‌روازه سنوورییه‌كانی نێوان عێراق و ئێران داخران.