كازمی و بایدن به ته‌له‌فۆن قسه‌یانكرد
K24 - هه‌ولێر
له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، دۆخی سیاسی عێراقییان تاووتوێكرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی سه‌رۆكوه‌زیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکاوە پێگەیشت، تێیدا دۆخی سیاسی عێراق و رووداوەکانی ئەم دواییانە تاووتوێکراو و بایدن پشتیوانی ئەمه‌ریکای بۆ عێراقی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دووپاتكرده‌وه.
بایدن ستایشی رۆڵی کازمی و هێزە ئەمنییەکانی لە رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق کرد، هەروەها سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا داوای لە سەرکردەكانی ئه‌م وڵاته کرد دەست بە گفتوگۆی نیشتمانی بکەن، لەپێناو دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەرچوونی وڵات لە بنبەستی سیاسی.
رۆژی 29ـی ئابی 2022، رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا دەستبەرداربوونی خۆی لەکاری سیاسی راگه‌یاند و، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، بەڵام نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا سەدر داوای‌کرد، زۆربەی دامودەزگاکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن.
بڕیارەكه‌ی سەدر دوای ئەوە هات، رۆژی دووشه‌ممه 29ـی ئابی 2022، کازم حائیری، کە بە مەرجەعی رەوتی سەدر لە عێراق دادەنرێت رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کاری ئایینی نه‌ماوه و داوای لەلایەنگرانی كردووه، پابەندی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بن.
لە بارەی ئەم بڕیارەی کازم حائیری، موقتەدا سەدر گوتی: "بڕیارەکەی کازم حائیری ئارەزوومەندانە نییە".
دوای تویته‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در، رۆژی دووشه‌ممه 29ـی ئابی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێرشیان كرده سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا و، داوای رووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئێستایان ده‌كرد.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان چه‌كدارانی سه‌ره‌یا سه‌لام، باڵی سه‌ربازی ره‌وتی سه‌در و لایه‌نگرانی چوارچێوه‌ی هه‌مانگی روویدا، به‌وهۆیه‌وه 30 خۆپیشانده‌ر گیانیان له‌ده‌ستدا و زیاتر له 300 هاووڵاتیی تریش برینداربوون.