عەبدولخالق تەڵعەت هۆکاری دەستبەکارنەبوونی دوو لیوا هاوبەشەکەی ئاشکراکرد

K24 – هەولێر
عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، دۆخی ئێستای بەغدا هۆکاری دەستبەکارنەبوونی لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عیراقە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کێشەی دەستبەکارنەبوونی هەردوو لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عیراقی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، پيشتر چەندین جار بەدواداچوون و کۆبوونەوەی گرینگیان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی عێراق و بەرپرسانی دیکە سەبارەت بە دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکان، ئەنجامداوە.
ئەو دووپاتیکردووەتەوە: تەواوی کارەکان لەلایەن ئێمە و حکومەتی عێراقی و وەزارەیی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تەواوبوونە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، سەبارەت بە هۆکاری دەستبەکارنەبوونی دوو لیوا هاوبەشەکە دەڵێت: بە هۆی دۆخی نەخوازراوی ئێستای بەغدا و لە هەمانکاتدا بوونی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق، کارەکان بەسستی دەچنەپێش.