سریلانکا لەگەڵ سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی لەسەر وەرگرتنی 2.9 ملیار دۆلار رێککەوتن

پرۆگرامی سریلانکا بۆ سەقامگیری ئابووری گشتی 48 مانگ دەخایەنێت
سریلانکا
سریلانکا

K24 - هەولێر:

حکومەتی سریلانکا لەگەڵ شارەزایانی سندووقی نەختینەیی لەسەر وەرگرتنی 2 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار قەرز رێککەوتن، ئەوەش هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ دووبارە پەیکەربەندی قەرزی وڵاتەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەرزەی بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە.

سندووقی نەختینە لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو رێککەوتنەیان پاڵپشتی سریلانکا دەکات، تاوەکو سەقامگیری بۆ ئابووری هەموو وڵاتەکە بگەڕێتەوە و بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە، روونیشی کردەوە کە ئەو پرۆگرامەی لەسەری رێککەوتوون بۆ ماوەی 48 مانگ بەردەوام دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو وڵاتەی باشووری ئاسیا لە دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆییەوە، بە دەست خراپترین قەیرانی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، کە بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە، یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووەتەوە، کەرەستە سەرەکییەکان بە ئاستەمە دەستدەکەوێت، رێژەی هەڵاوسان لە بەرزترین ئاستی 60 ساڵی رابردوویدایە.