رەوتی سەدر بۆ قەیس خەزعەلی: گرووپ و میلیشیاکانت بێدەنگ بکە

"لە بەفیڕۆدانی خوێنی گەل دوورکەوە"
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر

K24 - هەولێر:

رەوتی سەدر داوا لە قەیس خەزعەلی دەکات خۆی لە میلیشیاکانی بێبەری بکات و دەڵێت، "لە بەفیڕۆدانی خوێنی گەل دوورکەوە".

ساڵح موحەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر لە دوایین راگەیەندراویدا هۆشداری لەبارەی پێکدادانی بەسرە بە قەیس خەزعەلی دەدات.

درەنگانی شەوی رابردوو چەندین گرتە ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە کە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت لە نێوان میلیشیاکانی سەرایا سەلامی سەربە موقتەدا سەدر و عەسائیب ئەهلولحەقی سەربە قەیس خەزعەلی روویداوە، میدیاکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، لەو شەڕەدا سەرکردەیەکی سەرایا سەلام کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

رەوتی سەدر لەو باریەوە داوا لە خەزعەلی دەکات گرووپ و میلیشیاکانی بێدەنگ بکات و لە بەفیڕۆدانی خوێنی گەل دوورکەوێتەوە.

وەزیرەکەی سەدر هۆشداریشی دایە خەزعەلی و رایگەیاند، گرووپەکانت بێدەنگ نەکەیت تۆش وەك ئەوان هەژمار دەکرێیت.

لەلایەکی دیکەوە شانەی راگەیاندنی جەنگیی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە کۆمەڵێک هەواڵی دژ بەیەکن سەبارەت بە دۆخی بەسرە. جەختیش دەکاتەوە، ئێستا دۆخی ئەمنی سەقامگیرە و هێزە ئەمنییەکان لە تەواوی پارێزگاکە بڵاوەیان پێکراوە.