پۆلیسی سلێمانی کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەکەی دەستگیرکرد

"براکەی بە پارچە ئاسن لێیداوە و کوشتوویەتی"
پۆلیسی سلێمانی
پۆلیسی سلێمانی

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کچەی کە بە قسەی کەسوکارەکەی خۆی کوشتبوو، دەرکەوت لەلایەن براکەیەوە بە ئاسن کوژراوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممه‌ 1ـی ئەیلولی 2022، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، " لە 12ـی ئابی 2022، بنكەی پۆلیسی كوردسات ئاگاداركرایەوە لەبوونی تەرمێك بەناوی (ك، م، پ لەدایكبووی 1993) لەپزیشكی دادوەری سلێمانی، کە بە گوتەی كەسوكارەکەی لەنهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوو، دوای ئەوەی تیمەكانی بەڵگەی تاوان چوونە شوێنی ڕووداوەكە و لێکۆڵینەوە و هێڵكاریی بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا، سەرەنجام دەركەوت كە کوژراوەکە خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵكو لەلایەن براكەیەوە بەناوی (ق، م، پ لەدایكبووی 1994) بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە بەپارچە ئاسنێک لێیدراوە و بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لەماڵەوە گیانی لەدەستداوە".

پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، تاوانبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 410  لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.

بەپێی ماددەی   410  یاسای سزاکانی عێراقی، هەر کەسێک دەستدرێژی کردبێتە سەر کەسێکی دیکە بە لێدان یان بە بریندارکردن یان بە توندووتیژی یان بە پێدانی ماددەیەکی زیانبەخش یان بە ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی دیکەی پێچەوانەی یاسا و مەبەستی کوشتنی ئەو کەسە نەبووبێت، بەڵام کارەکە بووبێتە هۆی مردنی کەسەکە، بە بەندکردن سزا دەدرێت کە لە ماوەی 15 ساڵ زیاتر نەبێت.