مامەڵەی کۆمپانیاکان لە نێوان هەولێر و بەغدا بە ئەلیکترۆنی کرا

"لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمە و بۆ کەمکردنەوەی رۆتینە"
هەولێر و بەغدا
هەولێر و بەغدا

K24 - سلێمانی:

بۆ کەمکردنەوەی رۆتین، مامەڵەی کۆمپانیاکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق بە ئەلیکترۆنی کرا.

كۆڤان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێم راگەیاندووە، "لەمەودوا لە نێوان هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی گەشەپێدانی پیشەسازی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، مامەڵەی كۆمپانیاكان بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەدەچێت و مامەڵەكان زۆر خێراتردەبن لە پێشتر كە بەشێوەی پۆستە رایی دەكران".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێش بە ئەلیكترۆنیكردنی مامەڵەی كۆمپانیاكان هەندێكجار راییكردنی مامەڵەكان شەش مانگی دەخایاند، بەڵام لەو سیستەمە نوێیەدا تەنیا چەند رۆژێكی كەم دەخایەنێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانبەری پێویست بۆ راییكردنی مامەڵەكان دانراوە و یەكەم نووسراویش لە نێوانمان ئاڵوگۆڕكرا".

حکومەتی هەرێم دەڵێت، بە ئەلیكترۆنییكردنی مامەڵەی كۆمپانیاكان و بەستنەوەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی بەغدا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ خێراكردن و نەهێشتنی رۆتین لە مامەڵەی كارگەكان بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان.