کەسێک بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "وێنەی نەشیاو"ـی کچێک دەستگیرکرا

به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
به‌كارهێنانی تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

K24 – سلێمانی:

پۆلیسی راپەڕین کەسێکی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی کچێک و پارە وەگرتن لێی دەستگیرکرد.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ـی ئه‌یلوولی 2022، پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا رایگه‌یاند،  کچێک لە قەڵادزێ سکاڵای لەسەر کەسێکی نەناسراو تۆمارکرد بە تۆمەتی ئەوەی وێنەی نەشیاوی بڵاوکردووەتەوە و دواتر لەبەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەی سڕیوویەتیەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە،  پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر،  توانرا تۆمەتبارەکە دەستگیربکرێت و دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا لەبەردەم پۆلیسی و دادگا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار، دەستیشگیراوە بەسەر بڕێک پارە کە لەو کچەی وەرگرتبوو لەبەرامبەر سڕینەوەی وێنەکانیدا.

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووەتەڕوو، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بە ماددەی 2ـی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

بەپێی ماددەی 2ـی یاسای ژمارەی 6ـی ساڵی 2008 هەرێمی کوردستان، هەر کەسێک وێنەی کەسێکی بڵاوکردەوە کە خوڕەوشتی گشتیدا نەگونجێت یان شەرەف برینداربکات، ئەوا بە شەش مانگ بۆ یەک ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت یان بە پێبژاردن بە ملیۆنێک بۆ پێنج ملیۆن دینار.