پۆڵەندا داوای 1300 ملیار یۆرۆ قەرەبوو لە ئەڵمانیا دەکات

جه‌نگی جیهانی دووه‌م
جه‌نگی جیهانی دووه‌م

K24 – هەولێر:

حکومەتی پۆڵەندا قەبارەی زیانەکانی وڵاتەکەی لە جەنگی جیهانی دووەم، بە 1300 ملیار یۆرۆ خەمڵاندووە و داوا لە بەرلین دەکات قەرەبووی ئەو زیانە بکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ی ئەیلوولی 2022)، یارسۆلاڤ کاچینسکی، جێگری سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا و سەرۆکی پارتی یاسا و دادگەری، لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، داوا لە ئەڵمانیا دەکەن سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی بە وڵاتەکەیان کەوتووە لە جەنگی جیهانی دووەم، کە بە 1300 ملیار یۆرۆ مەزەندە دەکرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشداوە، میکانیزمی وەرگرتنەوەی ئەو قەرەبووە ئاڵۆز و درێژخایەن دەبێت، ئەمەش دەوەستێتەسەر دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەڵمانیا سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو پرسە.

لە 1ی ئەیلوولی 1939، سوپای ئەڵمانیا بە فەرمانی ئەدۆڵف هیتلەر، بە هێزێکی گەورە پەلاماری پۆڵەندایدا و داگیریکرد، کە ئەمە بووە سەرەتای دەسپێکی هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی دووەم.

لەو جەنگەشدا کە یەکێتی سۆڤیەتیش بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ بەرلین دوای 17 رۆژ بەشداریکرد و وڵاتەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد، 66 هەزار هاووڵاتی پۆڵەندی کوژران و 694 کەسیش بەدیلگیران.