مردنی سەرۆکی کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی راگەیەندرا

مردنی سەرۆکی کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی راگەیەندرا
مردنی سەرۆکی کۆمپانیای لوک ئۆیڵی رووسی راگەیەندرا

K24 - هەولێر

رافێڵ ماگونۆڤ، سەرۆکی کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"ی رووسی کە دووەم گەورە کۆمپانیای بەرهەمهێنانی رووسیایە، بەهۆی کەوتنی لە پەنجەرەی نەخۆشخانەیەکی مۆسکۆ گیانی لەدەستدا.

میدیاکانی رووسیا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی مردنی ماگونۆڤ، هیچ وردەکارییەکیان سەبارەت بەهۆکاری مردنەکەی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئاژانسی رۆیتەرز لە چەند کەسێکی نزیکی ناوبراوی گواستووه‌ته‌وه‌، کە گومانیان لە مردنی ماگونۆڤ هەیە.

هەرچەندە لە بەیاننامەیەکدا، کۆمپانیای لوک ئۆیڵ، مردنی رافێڵ ماگونۆڤی سەرۆکی کۆمپانیاكه‌یان بە هۆکاری نەخۆشییەکی کوشندە راگەیاندووە، بەڵام هەواڵەکان باس لەوەدەکەن، لەناو دەستەی کارگێری کۆمپانیای ناوبراو ئاماژە بەوەکراوە، کە گومانیان هەیە، سەرۆکی کۆمپانیاکەیان خۆی کوشتبێت.

پۆلیسی مۆسکۆ ئاشکرایکردووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی رافێڵ ماگونۆڤی تەمەن 67 ساڵ دراوەتە لیژنەیەکی حکومی و دواتر دەرئەنجامەکەی بڵاودەکەنەوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوو ئەمە چەندەمین حاڵەتی مردنی گوماناوی گەورە بەرپرسانی بواری وزەیە لە رووسیا.

دوای رۆژێک لە دەسپێکی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو، میدیا رووسییەکان دۆزینەوەی لاشەی ئەلکسەندەر تیۆلاکۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "گازپڕۆم"یان لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سانبتڕسبۆرگ بڵاوکردەوە.

لە مانگی نیسانی رابردووش، مردنی سێرگی پڕوتوسینای بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای نۆڤاتیک، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە رووسیا، لەگەڵ هاوژینەکەی و کچەکەی لە ڤێلایەک لە هەرێمی کەتالۆنیا بڵاوکرایەوە.

لە مانگی ئایاری رابردووش، ئەلکسەندەر سۆبۆتین، بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای لوک ئۆیڵ، لە ماڵێک لە دەرەوەی مۆسکۆ بە مردوویی دۆزرایەوە.

لە هەمان مانگدا، ڤلادیسلاڤ ئاڤایڤ، جێگری پێشووی سەرۆکی گازپڕۆمبانک لەگەڵ هاوژینەکەی و کچەکەی لە شووقەیەک لە مۆسکۆ بە مردوویی دۆزرانەوە.

رافێڵ ماگونۆڤ، لە ساڵی 1993ـه‌وه‌ لەگەڵ دامەزراندنی کۆمپانیای لوک ئۆیڵەوە، دەستی بەکارکردن کردووە تاکو لە ساڵی 2020 بووه‌تە سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێری کۆمپانیاکە، جیاواز لە کۆمپانیاکانی دیکەی رووسیا، لە 3ـی ئاداری رابردوو، لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و داوایکرد لە بری ململانێی سەربازی بە گفتوگۆ چارەسەری ناکۆکییەکانیانی نێوان هەردوو وڵات بکرێت.