لاڤرۆڤ: رۆژئاوا سەرکەوتوونەبوون لە پەراوێزخستنی رووسیا

سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا

K24 – هەولێر

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا لە هەوڵەکانیان بۆ پەراوێزخستنی رووسیا سەرکەوتوو نابن.

وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە میانەی وتارێک لە پەیمانگەی مۆسکۆ بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتانی رۆژئاوا خۆیان له هەوڵه دیپلۆماسییەکان لەگەڵ رووسیا دەدزنەوە و هەوڵی پەراوێزخستنی دەدەن، بەڵام سەرکەوتوونابن هەروەک چۆن ئێستا دووچاری هەڵئاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخ بوونەتەوە.

هەروەها گوتیشی، "80%ـى وڵاتانی جیهان وەڵامدانەوەیان نەبووە بۆ ئەو سزایانەی رۆژئاوا بەسەر رووسیایدا سەپاندووە، هەرچەندە فشارێکی زۆرشیان لەسەربووە".

لاڤرۆڤ دژایەتی وڵاتەکەشی بۆ فراوانخوازی ناتۆ دەربڕی و رایگەیاند، ئەگەر بنکەی ناتۆ له سوید و فینلاند دەرکەون رووسیا وەڵامی دەبێت.

سەبارەت بە راگرتنی پڕۆسەی پێدانی ڤیزا وڵاتانی ئەوروپا بە هاووڵاتیانی رووسی، لاڤرۆڤ رایگەیاند، رۆژئاوا هەوڵی سزادانی هەموو هاووڵاتیانی رووسیا ده‌دات، بەڵام مۆسکۆ هەڵوێستی هاوشێوەی نابێت و رێگه به ئەوڕوپییەکان دەدات سەردانی رووسیا بکەین.

وەزیری دەرەوەی رووسیا روونیشی کردەوە، هەندێک لایەن هەوڵی دروستکردنی کۆسپ دەدەن لە بەردەم کارەکانی لیژنەی ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی لە وێستگەی زاپۆریژیا.

هەروەها ئامادەیی مۆسکۆی نیشاندا بۆ هەماهەنگی و پاراستنی ئاسایشی لیژنەکە، هەرچەندە ئەوەشی نەشاردەوە کە بارودۆخی نزیک ئەو وێستگە ئەتۆمییە ئاڵۆزە بەڵام لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.