تویتەر تایبەتمەندی چاککردن زیاد دەکات

تویتەر
تویتەر

K24 – هه‌ولێر:

تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند لە داهاتوویەکی نزیکدا تایبەتمەندی چاککردن "Edit Tweet" بۆ بەکارهێنەرانی تویتەر بەردەست دەکات.

زیادکردنی تایبەتمەندی چاککردن لە تویتەر یەکێکبوو لە داواکارییە بەردەوامەکانی بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە، بۆ ئەوەی بتوانن لەدوای بڵاوکردنەوەی هەر تویتێکدا دەستکاری بکەن.

پێشترین ئیلۆن ماسک، کە هەوڵی کڕینی تۆڕی تویتەری دەدا، چەندین جار ئەوەی دووپاتدەکردەوە کە پشتگیری زیادکردنی تایبەتمەندی چاککردنی بڵاوکراوەکانی تویتەر دەکات.

لە مانگی نیسانی رابردووش، بەڕێوەبەرانی تۆڕی تویتەر رایانگەیاند، کار لەسەر زیادکردنی ئەو تایبەتمەندییە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕەکەیان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممە (1ی ئەیلوولی 2022) لە بەیاننامەیەکدا، تویتەر ئاشکرایکرد، ئێستا تیمە هونەرییەکانیان تاقیکردنەوە لەسەر زیادکردنی تایبەتمەندی چاککردن لە تۆڕی تویتەر دەکەن و لە چەند هەفتەی داهاتوو بۆ بەکارهێنەرانیان لە پاکێجی خزمەتگوازری "تویتەر بلو" بەردەست دەبێت.

لە ئێستاشدا ئەم تایبتەمەندییە لە وڵاتەکانی ئەمه‌ریکا، کەنەدا، ئوستڕالیا و نیوزلەندا بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕی تویتەر لە پاکێجی "تویتەر بلو" بەردەستە.

لە بەیننامەکەی تویتەردا هاتووە، بۆ زانینی کەموکوڕییەکانی زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە، تەنها بۆ ژمارەیەکی سنووردار لە بەکارهێنەرانی ئەم تۆڕە بەردەستکراوە.

بەپێی ئەم تایبەتمەندییە، رێگە بە بەکارهێنەرانی تویتەر دەدرێت لە ماوەی نیو کاتژمێر لەدوای بڵاوکردنەوەی تویتەکانیان، چەند جارێک دەستکاری بڵاوکراوەکانیان بکەن و ئاماژەش بەوە دەکرێت کە ئەو تویتە چاککراوەوەتەوە، هەروەها بژاردەی بینینی تویتەکانی پێشووتریش بۆ بەکارهێنەرانی تویتەر بەردەست دەبێت.