ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ مزگه‌وتێكی ئه‌فغانستان روویدا

ته‌قینه‌وه‌ی مزگه‌وتێك له‌ ئه‌فغانستان/ ئه‌رشیڤ
ته‌قینه‌وه‌ی مزگه‌وتێك له‌ ئه‌فغانستان/ ئه‌رشیڤ

K24 – هه‌ولێر:

ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ مزگه‌وتێكی ئه‌فغانستان روویدا، به‌هۆیه‌وه‌ ئیمامی مزگه‌وته‌كه‌ و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژران.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ مزگه‌وتێكی شاری (هه‌رات) له‌ رۆژئاوای ئه‌فغانستان، له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی نوێژی هه‌ینیدا روویدا.

پۆلیسی ئه‌فغانستان له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وته‌كه‌ روویداوه‌، بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی موجیب ره‌حمان ئه‌نساری ئیمامی مزگه‌وته‌كه‌، كه‌ پیاوێكی ئایینی ناسراوه‌، له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی پشتیوانی له‌ بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان ده‌كات.

هه‌روه‌ها پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌دا پاسه‌وانه‌كانی موجیب ره‌حمان ئه‌نساری و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی كوژراون.