فڕۆکەوانێك بۆ سەرنشینانی فڕۆکەکەی: تاوەکو واز لەم کارە نەهێنن هەڵنافڕین

فڕۆکەوانێك هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی گەشتێك لە سەرنشینەکانی دەکات
باڵی فڕۆکەیەکی گەشتیاری
باڵی فڕۆکەیەکی گەشتیاری

K24 - هەولێر:

فڕۆکەوانێکی کۆمپانیای (ساوس وێست ئێرلاینز) بە سەرنشینانی فڕۆکەکەی راگەیاند، کە لەسەر زەوی دەمێننەوە و هەڵنافڕن، تاوەکو یەکێك لە سەرنشینەکانی واز لە کارێكی "شەرمەزارکەر" نەهێنێت.

لە کاتێکدا سەرنشینانی فڕۆکەکە چاوەڕێی گەشتێکی ئارام و بێ گرفت بوون کە فڕۆکەکەیان لە شاری هیوستنەوە بەرەو شاری کابۆی مەکسیک بەڕێدەکەوت، کاپتنی فڕۆکەکە پێیان رادەگەیەنێت، "بۆ هەر کەسێك کە ئەم کارە شەرمەزارکەرە دەکات، وازبێنە، ئەگەر نا گەشتەکە هەڵدەوەشێنمەوە و هەموومان پێکەوە دادەبەزین، گەشتەکە لە سەرنشینەکانی دیکە تێكمەدە".

دواتر دەرکەوت، یەکێک لە سەرنشینەکان لە رێگەی خزمەتگوزاری "ئێر درۆپ" لە ئایفۆنەکەیەوە بە هەڕەمەکی وێنەی نەشیاوی بۆ سەرنشینەکانی دیکە ناردووە.

فڕۆکەوانەکە گوتیشی: "ئەگەر بەردەوامبێت، ئەوا دەگەڕێینەوە و دەرگاکە دەکەینەوە، هەمووان ناچار دەبن دابەزن و دواتر، تاوانبارەکە رادەستی لایەنی ئەمنی دەکەین، بۆیە واز لە ناردنی وێنەی رووت بهێنە، رێگە بدە بچین بۆ کابۆ".

خزمەتگوزاری "ئێر درۆپ" لە ئایفۆنەکاندا، رێگە بە خاوەنی مۆبایلەکە دەدات وێنە بۆ ئایفۆنەکانی دیکەی دەروبەری بنێرێت بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەرگر.