رووسیا داوای چۆلکردنی چەند بنکەیەکی سەربازیی ئێران لە سووریا دەکات

K24 – هەولێر

دوابەدوای زیادبوونی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای ئیسرائیل لە هەفتەکانی رابردوودا، رووسیا داوای لە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە کردووە، بەشیکی بنکە سەربازییەکانی لە چەند ناوچەیەکی سووریا چۆلبکات.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، چاپی لەندەن، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ناو حکومەتی سووریا، ئاشکرایکردووە، رووسیا داوای لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کردووە، بنکە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای پارێزگای حەما، ناوەند و رۆژئاوای سووریا، چۆلبکەن.

تا ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیا، کاردانەوەیان بەرامبەر بەو راپۆرتەی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت نەبووە.

گوایە رووسیا نایەوێت ئەو هێزانە ببنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، هەر بۆیە داوایەکی لەو شێوەیەیان لێکراوە.

سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، دەیان هێرشی بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، کردووە.

شەرقولئەوسەت لەسەر زاری بەرپرسانی سووریاوە، بڵاویکردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە بەرپرسانی سەربازیی رووسیا لە فرۆکەخانەی حەما لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان کۆبوونەتەوە و داوایان لێکراوە چەند بنکەیەکی ناو سووریا چۆلبکەن.

سەرچاوەکە دەڵێت: بەرپرسانی سەربازیی رووسیا لە چاوپێکەوتنیاندا لەگەڵ لایەنی ئێرانی، دووپاتیان لە چۆلکردنی بنکەیەی سەربازیی ئێران لە نزیک بنکەی یەکەی 49ـی سوپای سووریا، کردووەتەوە.

سەرچاوەکە هەروەها ئاشکرایکردووە: رووسەکان داواین کردووە دووەم بنکەی سەربازیی ئێران لە ناوچەی حەمیدیەی باشووری پارێزگای تەرتوس لە کەنارئاوەکانی سووریا، چۆلبکرێت.