رێواز فایەق: بەشێکی زۆری تەمەنی پەرلەمان بەبێ ئیش بەفیڕۆچووە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: بێبەهاکردنی رۆڵی پەرلەمان بووەتە مۆدێل
د. رێواز فایەق
د. رێواز فایەق

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەشێکی زۆری تەمەنی پەرلەمان "بەبێ ئیش" بەفیڕۆچووە دەشڵێت: بێبەهاکردنی رۆڵی پەرلەمان بووەتە مۆدێل.

حکومەت زۆترین ئامادەبوونی هەبووە لە پەرلەمان

رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، پەرلەمانی کوردستان لە تەمەنی چوار ساڵی خۆیدا نزیکەی ساڵێک و نۆ مانگ کاریکردووە ئەوەی دیکە بە پشوو، بەهۆی کۆرۆنا و سیاسی رۆشتووە."بۆیە یەکێک لە ئاستەکانی بەردەم پەرلەمان بە فیڕۆچوونی بەشێکی زۆری تەمەنی پەرلەمانە "بەبێ ئیش".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم پەرلەمان کاریگەربوونی ئەندامانی پەرلەمانە بە پۆپۆلیزم  کە پەرلەمانتاران ئەرکەکەی خۆیان وەک خۆی نابینن و دەکەونە ژێر کاریگەری شەقام".

سەرۆکی پەرلەمان کێشە سیاسییەکان بە ئاستەنێکی دیکەی بەردەم کارەکەیان دادەنێت کە "رەنگدانەوەی زۆریان لەسەر کاری پەرلەمان هەبووە".

رێواز فایەق جەختیشیکردەوە"حکومەتی هەرێم زۆترین جار ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان بووە بەراورد بە هەموو خولەکانی پێشوو، هەروەها 132 پرۆژەیاسا دراوەتە پەرلەمان 45یان کراونەتە یاسا و 54 یان رەتکراونەوە".

هەروەها "دروستکردنی ژینگەی یاسایی بۆ سێکتەرە نانەوتییەکان و فرەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کە توانیان بەشێکی زۆری پلانەکەیان جێبەجێ بکەن ئەوەش خاڵی جیاکەرەوەی ئەم خولەی پەرلەمانە لەگەڵ خولەکانی پێشتر".

پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان

سەبارەت بە پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان رێواز فایەق دەڵێت، هەموو حزبەکان بە ئێمەیان گوتووە بابەتی دەستوور گرنگە بەڵام دواتر زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان کاریگەر بوون بە شەقام و گوتیان "لە ئێستادا مووچە گرنگترە لە دەستوور یان هەر دەستوورمان بۆچییە؟".

سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەبوونی سێ کێشەی سەرەکی کرد لە نووسینەوەی دەستوور، کە کێشەی یەکەم "دیاریکردنی سنوری هەرێمی کوردستانە، کە دەبێت بەشێوەیەک بێت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی تێدابن و لەهەمانکاتیشدا نابێت دژی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق بێت".

بە گوتەی رێواز فایەق کێشەی دووەم سەرچاوەی یاسادانانە کە "سێ هەڵبژاردەیان لەبەردەمدایە، وەک عێراق بێت یان هیچ دانەنێن یاخود شتێکی خۆمان هەبێت".

کێشەی سێیەمیش کە سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی پێکرد "جۆری سیستەمی سیاسییە لە هەرێمی کوردستان".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق گوتی" هەموومان دەزانین لە یەکی 10 هەڵبژاردن ناکرێت.

گوتیشی: "نزیکەی 11 کۆبوونەوەمان کرد بۆ ئەوەی فراکسیۆنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن رێکبکەون، بەڵام هەر ئەو قسانەیان دەگوتەوە کە پێشتر گوتوویانە جگە لە پارتی لە پرسی کۆمسیۆن هاتەپێشەوە کە وەک خۆی بمێنێتەوە".

سەرۆکی پەرلەمان جەختیکردەوە "درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بۆ یەک رۆژیش رەوایەتی نییە، بەڵام ئەوە واقیعێکی تاڵە کە لەبەردەم دوو بژاردە دان یان درووستبوونی بۆشایی یاسایی وهەڵپەساردنی دامەزراوەکان یان درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان".

"بێبەهاکردنی رۆڵی پەرلەمان بووەتە مۆدێل"

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەکرد پەرلەمان بەردەوام دەکرێتە ئامانج ئەوەش "پەیوەندی بەوەوە هەیە پەرلەمان کەناڵی تەلەفزیۆنی نییە سەرۆکی پەرلەمانیش نییەتی بۆیە هەرچی بکەن نابێتە هەواڵ".

بە گوتەی سەرۆکی پەرلەمان، "حزبەکان باشتر حکومەت دەپارێزن بەراورد بە پەرلەمان زۆرجار کە رووداوێک روودەدات بۆ لابردنی چاوەکان لەسەر حکومەت هێرشدەکرێتە سەر پەرلەمان".

رێواز فایەق راشیگەیاند: "من دیکتاتۆر نیم و حەز دەکەم زۆترین پەرلەمانتار لە دانیشتنەکاندا قسەبکەن، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا بن".