ئیسرائیل: رەنگە چەند هەفتەیەکی دیکە ئێران و ئەمەریکا رێکبکەون

"ئەمەریکا پێیوایە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، تەنها رێگەی وەستاندنی بەرنامەی ناووکی ئێرانە"

K24 – هەولێر

سەرەڕای دڵساردی حکومەتی جۆو بایدن لە دواوەڵامی ئێران بۆ پێشنیارەکانی رۆژئاوا بەمەبەستی کاراکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی، بەڵام ئیسرائیل پێیوایە تاران و واشنتن لە ئاراستەی رێککەوتندا هەنگاو دەنێن و رەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا ئەمە بێتەدی.

کەناڵی تەلەڤزیۆنی 12ـی ئیسرائیل شەوی هەینی دووی ئەیلول، باسی لە راپۆرتێکی "نهێنیی"ـی بەشی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل کرد کە ئاراستەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کردووە. لە راپۆرتەکەدا دووپاتکراوەتەوە، "ئەمەریکا پێیوایە رێککەوتننامەی ئەتۆمی، تەنها رێگەی وەستاندنی بەرنامەی ناووکی ئێرانە."

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاندووە، ئەمەریکا و ئێران لەو گەڕەدا "واقعیانەتر لە رابردوو" هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر دەکەن و هەر دوولا هەوڵی کۆکردنەوەی پشتگیری سیاسی بۆ رێککەوتنەکە دەدەن.

ئەو هەڵسەنگاندنەی بەشی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا لەبارەی وەڵامی ئێران، بڵاوبووەتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکایی وەڵامەکەی ئێرانیان بە "هەنگاو بۆ دواوەوە"، ناوهێناوە.

رۆژنامەی ئەمەریکی "پۆلۆتیکۆ"، بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوون و لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەوروپی و ئەمەریکی، بڵاویکردووەتەوە، "رەنگە ئەو وەڵامە [وەڵامی ئێران] مەترسی لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن، دروستبکات".

هەروەها ئادرین واتسۆن، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، دووپاتیکردەوە، "نابێت گەیشتن بە رێککەوتن بە داوای ئێران بۆ کۆتاییهینان بە لێکۆڵینەوەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە گرێبدرێت."

واتسۆن رایگەیاندووە، "جۆو بایدن پشتگیری لە رێککەوتنێک دەکات کە پێیوایە لە ئاراستەی بەرژەوەندی نیشتمانیی ئەمەریکادا بێت".