رۆیتەرز: سیستانی هۆکاری راگرتنی شەڕەکەی ناوچەی سەوز بووە

" ٢٠ بەرپرس هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی سیستانیان پشتڕاستکردووه‌تەوە"
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی
ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی

K24 - سلێمانی:

رۆیتەرز نامەیەکی سیستانی بۆ سەدر ئاشکرا دەکات و نهێنی پشتەوەی راگرتنی پێکدادانەکانی ناوچەی سەوز ئاشکرا دەکات.

ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بە ناونیشانی" چۆن پیاوێکی ئایینی تەمەن ٩٢ ساڵ جارێکی دیکە رێگری کردەوە لە خلیسکانی عێراق بۆ ناو شەڕێکی خوێناوی؟".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، " کاتێک لێدوانێک لە لایەن پیاوێکی ئایینی عێراقی لە ئێران کازم حائیری" دۆخەکەی گەیاندە لێواری جەنگ، تەنیا یەک کەس هەبوو بتوانێت ئەوە بوەستێنێت، ئەو کەسەش پیاوێکی ئایینیی شیعەی تەمەن ٩٢ ساڵ بوو کە جارێکی دیکە سەلماندی بەهێزترین پیاوە لە وڵاتەکەی".

ئاماژەی بەوەشکردووە: " ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بە ئاشکرا هیچ قسەیەکی لەسەر گرژی و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی عێراق نەکردووە، بەڵام بەرپرسانی حکومی ئاماژەیان بەوەکردووە هەڵوێستی سیستانی رێگریکرد  دۆخەکە له‌ده‌ست ده‌ربچێت".

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، قسەیان لەگەڵ نزیکەی ٢٠ بەرپرسی حکومەتی عێراق، رەوتی سەدر و گرووپە شیعەکان کردووە، زۆربەیان بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێندرێت، ئاماژەیان بە "دەستوەردانی یەکلاکەرەوەی سیستانی لە دۆخەکە کردووە".

بەرپرسێکی حکومەتی عێراقی بە رۆیتەرزی گوتووە " سیستانی نامەیەکی بۆ موقتەدا سەدر ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر تووندوتیژییەکان نەوەستێندرێن ئەوا خۆی بەیاننامەیەک دەردەکات و  داوای راگرتنی پێکدادانەکان دەکات، ئەمەش وایدەکرد سەدر لاواز دەربکەوێت، هەروەها وەها دەردەکەوت کە سەدر ئەو خوێنڕێژییەی لە عێراق دەستپێکردووە".

هەرچەندە سێ کەسایەتی شیعە لە نەجەف کە نزیکن لە سیستانی ناردنی نامەکەیان پشتڕاست نەکردووه‌تەوە، بەڵام ئاماژەیان بەوەکردووە " لای سەدر روونبووە سیستانی قسەی دەبێت ئەگەر شەڕ و ئاڵۆزییەکان نەوەستن".

هەروەها بەرپرسێكی لایەنەکانی نزیک لە ئێران بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، ئەگەر نووسینگەی سیستانی نەبوایە، "موقتەدا سەدر کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە نەدەكرد".

رۆژی 28ـی ئابی 2022، کازم حائیری یەکێک لە مەرجەعه‌ ئایینییەکانی شیعە لە عێراق رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشی و پیرییەوە، ناتوانێت وەک مەرجەع درێژە بەکارەکانی بدات و داوای لە لایەنگرانی کرد، ببنە شوێنکەوتووی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران.

بەیاننامەکەی حائیری، وایکرد موقتەدا سەدر واز لەکاری سیاسی بهێنێت و  زۆربەی نووسینگە و بارەگاکانی رەوتەکەشی داخست، ئەوەش تورەیی لایەنگرانی لێکەوتەوە و چوونە سەر بەشێک لە کۆشکەکانی ناوچەی سەوز و شەڕ و پێکدادانی چەکداری دەستیپێکرد.

بەڵام دوو رۆژ دواتر موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، داوای لە لایەنگرانی کرد، لە ماوەی کاتژمێرێکدا لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە و کۆتایی بە پێکدادانەکان بێنن.