وەزیری دارایی: هێڵی گەرم دروستدەکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانان
K24 – سلێمانی:
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هێڵی گەرم دروستدەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانان، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن ئاڵنگاری و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان نەهێڵن.
ئەمڕۆ شەممە 3ـی ئهیلوولی 2022، ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاوەری بەڕێوەبەری گشتی باجی هەرێم و بەڕێوەبەری بهڕێوهبهرایهتی باجی دەرامەتی، بەڕێوەبەری باجی خانووبەرەی سلێمانی و بەڕێوەبەری باجی دەرامەتی سلێمانی، لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانیدا کۆبووەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی بازرگانانی سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەگوێرەی راگەیەندراوی ژووری بازرگانی سلێمانی، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، هێڵی گەرم دروستدەکەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بازرگانان.
بڕیارە بۆ ئاگاداربوون لە چارەسەرکردنی گرفتەکان، وەزارەتی دارایی لیژنەیەکی تایبەت پێکبھێنێت و ژووری بازرگانی و نوێنەری بازرگانان تێیدا ئەندام بن.
وەزیری دارایی باسی لەوەشکردووە، ھەموو ھەوڵێک دەدەن ئاڵنگاری و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان نەهێڵن و باجی سەر بازرگانان بەشێوەیەک رێکبخەنەوە کە سوودی گشتی تێیدا جێگیر بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بازرگانان، بەڵێندەران، خاوەن نووسینگەکان، پارێزەران، پیشەسازان، کۆمەڵەی کێڵگە پەرەوەرییەکان، نوێنەری نانەواخانەکان، کۆمەڵەی میوانخانە، چێشتخانەکان و کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار کێشە و گرفتەکانیان خستووەتەڕوو.
هەروەها سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرکانی و پیشەسازی سلێمانی باسی لە کێشەکانی بازرگانان کردووە و گوتوویەتی "بازرگانان 3٪ باجیان لێوەردەگیرێت لە سنوورەکان لەکاتی هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییەکان، بۆیە پێویستە کۆمپانیاکان لەسەر ئەو هاوردەکردنە ژمارەی کۆتایی بدەن بە وەزارەت تا هیچ بڕە پارەیەکی زیاتریان لێوەرنەگیرێت".