سوپای تورکیا تەقەی لە ماڵێکی گوندی ھرۆرێ کرد

گوندی ھرۆرێ
گوندی ھرۆرێ

K24 - دھۆک:

ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای تورکیا تەقەی ھەڕەمەکی لە گوندی ھرۆرێی دەڤەری بەرواری باڵا کرد.

تەقەکردنەکە سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بە چەکی دۆشکە کراوە و چەند گولـله‌یه‌ک به‌ر ماڵی گوندنشینێک بەناوی (حاجی عەبدوڵڵا) کەوتووه‌.

ئازاد ھرۆرێ، موختاری گوندەکە، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، تەقەکردنەکە ھیچ زەرەر و زیانی نەبووه‌، بەڵکو تەنیا بووه‌تە جێی ترس و دڵەراوکێ لەنێوان گوندنشینان.

ماوەیه‌ک به‌ر له‌ ئێستا شەڕوپێکدادانی توند لەنێوان چەکدارانی پەکەکە و ھێزەکانی تورکیا لە ده‌وروبەری گوندی ھرۆرێ روویدا، بەڵام دوای زیادکرنی خاڵە سەربازییەکانی تورکیا، جمۆجۆڵی چه‌کدارانی پەکەکە لە ناوچەکە کەمیکردووه‌.