17 کەس لە هیندستان بەهۆی هەورەبروسکەوە گیانیان لەدەست دا

"بڕی پێنج هەزار دۆلار دەدەن بە هەر یەک لە خێزانی قوربانییەکان"
هەورەبروسکە
هەورەبروسکە

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی بەرکەوتنی هەورەبروسکە، 17 کەس لە ویلایەتی بیهار لە خۆرهەڵاتی هیندستان گیانیان لەدەستدا.

بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی مالینا تایمز، لە ویلایەتی بیهار لە دوای بارانبارینی بەلێزمە، هەورو بروسکە لە چەند ناوچەیەکی داوە و بەهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان کرێکاری کێڵگە بوون.

نیتیش کومار، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتەکە نیگەرانی خۆی دەربارەی رووداوەکەوە دەربڕی و رایگەیاند، بڕی پێنج هەزار دۆلار دەدەن بە هەر یەک لە خێزانی قوربانییەکان.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی کەشناسی ویلایەتەکە هۆشداریان دا لە کەشوهەوای نەرێنیی لە باکووری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە بۆ ماوەی پێنج رۆژ.

ئەوکاتانەی بارانبارینی وەرزیی هیندستان دەگرێتەوە، بەهۆی هەورەبروسکەوە زیانی گیانیی دەکەوێتەوە، کە لە ویلایەتی بیهار لەنێوان مانگەکانی حوزەیران و تەمووزدا، لانیکەم 60 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.