قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژە وەستاوەکانی سلێمانی بڕیار دەدات

جێگری سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسی فەرمانگەکانی سلێمانی کۆدەبێتەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – سلێمانی

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەر و فەرمانگەکانی سلێمانی کۆدەبێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو پڕۆژانە دەکرێت کە کارەکانیان وەستاوە.

ئارام بەختیار پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی لە زاری سەرچاوەیەک لە نووسینگەی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیار دەدات ئەو پڕۆژانەی لە سلێمانی کێشەی یاساییان نییە و وەستێنراون بخرێنەوە کار.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر ژمارەیەک وەبەرهێنەر لە سلێمانی بە قوباد تاڵەبانیان راگەیاندبوو، ئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان دروست دەکرێت و لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان مامەڵەکانیان زوو رایی ناکرێت. بەگوتەی سەرچاوەکەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت تەواوی ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێنەران هەڵبگیرێن و هیچ گرفت بۆ وەبەرهێنەران دروست نەکرێت".

ئەو کۆبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ بوونی ژمارەیەک کێشەی ئیداری لە سلێمانی وەک، دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان و وەستانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری، کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان هەیە.

سەرچاوەکە جەختیکردەوە، بۆ دەربازبوونی سلێمانی لەو بارودۆخە ئەمڕۆ بڕیار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدرێت.