مانۆری دەریایی سوپای پاسداران دەستیپێکرد

سوپای پاسداران: مانۆرەکە ھەڵگری پەیامی ھۆشدارییە بۆ دوژمنان و ھێزە داگیرکەرەکان

K24 - هەولێر:

سوپای پاسدارانی ئێران، دەستپێکردنی مانۆری (ئیقتیداری دەریایی) بە بەشدارییکردنی یەکە سەربازییەکانی سەربە بنکەی دەریایی دوو، ھەروەھا بەشێک لە ھێزەکانی سوپای پاسداران لە بەندەری "دلوار" سەربە پارێزگای لە بوشھێر باشووری ئەو وڵاتە راگەیاند.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، عەمید حەیدەر هونەریان موجەرەد، جێگری فەرماندەی ناوچەی دووی دەریایی سەربە سوپای پاسداران رایگەیاندووە، "ئامانج لە ئەنجامدانی مانۆرەکە، یادکردنەوەی شەھیدانی بەرەنگاربوونەوەیە دژبە داگیرکاری لە ئێران تا بە نەمری بمێننەوە، لەسەروویانەوە خەباتی سەرکردە عەلی دەلواری دژبە بەریتانیا لە باشووری ئێران لەسەر سەردەمی شۆڕشی مەشروتییەت (1905 ـ 1909)".

عەمید حەیدەر هونەریان موجەرەد لە میانی دەستپێکردنی مانۆرەکەدا لە لێدوانێکدا باسی لەوەکرد کە مانۆرەکە، ھەڵگری پەیامی ئاشتیی و ئاسایشە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

ناوبراو گوتیشی: "مانۆری (ئیقیتداری دەریایی) لە ھەمانکاتدا، ھەڵگری پەیامی ھۆشدارییە بۆ دوژمنان و ھێزە داگیرکەرەکانی ئەم سەردەمەی ئێستامان، بەجۆرێک کە وەڵامدانەوەکە، دەبێتە مایەی زەمینەلەرزە بۆ دوژمنان بۆ ھەر ھەنگاوێک ئەگەر لە ئەنجامی ھەڵەی لێکدانەوە و پلانەکانیانەوە بینێن و ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی وڵاتەکەمان بێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، 300 یەکەی ھێزی دەریایی لە ناوچەی دووی دەریایی سەربە سوپای پاسداران بەشداری لە مانۆرکەدا دەکەن، بەڵام ئەوەی نەخستەڕوو، کەی مانۆرەکە کۆتایی دێت.