شەڕ شوێنەوارەکانی یەمەن وێران دەکات

K24 - یەمەن
بەهۆی شەڕ و گرنگی پێنەدان، رۆژ بە رۆژ مەترسی دەکەوێتە سەر شوێنەوارە مێژووییەکان لە یەمەن، بەشێکی زۆریشیان لەناوچوون، مۆزەخانەی نیشتمانی لە تەعز بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان وێران بووەو خەریکە بە تەواوی لەناودەچێت.
دوای سەدان ساڵ ئێستا وردە وردە پایە و دیوارەکانی مۆزەخانەی مێژوویی لە پارێزگای تەعزی یەمەن دەڕوخێن، کە مێژووی دروستکردنی بۆ سەردەمی دەوڵەتی رەسوڵی دەگەڕێتەوە و بەهۆی شەڕ وێران بووە.
رەمزی دمەینی، بەڕێوەبەری مپزەخانەی تەعز بە کوردستان24ی گوت: "کێشە هەیە لە پاراستنی مۆزەخانەکە، کەوتووەتە نێزیکی ئەو ناوچەی کە شەڕی لێیە، ئەوە کاریگەری زۆری هەیە بۆ شێواندنی دەستنووسە مێژووییەکان و دزینیان لە مۆزەخانەکە لەلایەن قاچاخچییەکان".
تەنیا لە پارێزگای تەعز زیاتر لە 15 شوێنەواری مێژوویی بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی یەمەن زیانی زۆریان بەرکەوتووە.
مەحبووب جەراد، بەرپرسی دەستەی شوێنەواری گشتی تەعز دەڵێت: "ئەوکاتە مرۆڤ ناسنامەی خۆی لەدەستدەدات، کە شوێنەوارەکانی وەک مۆزەخانە و قەڵا دێرینەکان نەمێنن، چونکە وەک دامەزراوەیی پەروەردەیی بۆ کۆمەڵگە هەژمار دەکرێن".