وهزارهتی پهروهرده پرۆژهی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی دهرهوهی وڵات جێبهجێدهكات

K24 – ههولێر:
وەزارەتی پەروەردەی حكومهتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی پرۆژەیەکە بۆ راهێنانی سەرجەم مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، لە ئایندەیەکی نزیکدا پرۆژەکە دەستپێدەکات و به پلهی یهكهمیش لە راهێنانەكاندا تیشک دەخرێتە سەر شێوازی وانەگوتنەوە و بەڕێوەبردنی پۆل لەلایەن مامۆستایانەوە.
وهزارهتی پهروهرده بۆ ئەم پرۆژەیە سوود لە شارەزایانی دەرەوەی وڵات وەردەگرێت بۆ ئهنجامدانی راهێنان بە ژمارەیەک مامۆستای نموونەیی هەرێمی کوردستان، دواتر ئەو مامۆستایانە راهێنان بە مامۆستایانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومهتی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردن لە بەرنامەی چیرۆکە هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمساڵ لە پشووی هاویندا هەنگاوی زۆرباش نراوە وەکو ئامادەکاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن، دابەشکردنی میلاکاتی خوێندن، جیاکردنەوەی پۆلەکان و دابینکردنی کتیب بۆ سەرجەم قوتابیانی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ ئەم هەنگاوانە زووتر جێبەجێکران تاوەکو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خوێندندا قوتابخانەکان سەرقاڵی ئەو کارانه نەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژهی بهوهشكرد، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 20 ملیار دیناری تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان کە خۆی لە 9 پێداویستیدا دەبینێتەوە، هاوکات 46 ملیار و 600 ملیۆن دیناری دیکەی تەرخانکردووە بۆ نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی بینای قوتابخانەی نوێ، دەزگای خێرخوازی بارزانیش 200 قوتابخانەی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەنکردووەتەوە و کارەکانیان لە قۆناغی کۆتاییدان.
سامان سیوەیلی هەروەها رایگەیاند، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی هەیە کە بە هاوکاری ناوەندی رەوەندی کوردستانی جێبەجێی دەکات، پرۆژەکەش تایبەتە بە فێرکردنی زمانی کوردی بۆ ئەو منداڵانەی لە دەرەوەی وڵاتن، پرۆژەکە شەش مانگ دەخایەنێت، دوو مامۆستا لە هەولێر و دهۆک ئەرکەکەیان لەئەستۆ گرتووە، هەموو رۆژێکی یەکشەممە یەک کاتژمێر بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەڕێگەی ئۆنلاینەوە وانەی کوردی بە منداڵانی تاراوگەنشین دەڵێنەوە.