لە پاکستانەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ هەموو جیهان لێدرا

ئەو خەڵکانەی کەمترین رۆڵیان لە زیاتربوونی گازی کاربۆن هەیە، زیاتر لە هەموو کەسێک زیانیان پێگەیشتووە
هەندێ جار وەک "جەمسەری سێیەم" باس لە ناوچە باکوورییەکانی پاکستان دەکرێت
هەندێ جار وەک "جەمسەری سێیەم" باس لە ناوچە باکوورییەکانی پاکستان دەکرێت

K24 - هەولێر

زانایان و شارەزایانی بواری کەشوهەوا، پێیانوایە لافاوەکانی پاکستان "زەنگێکی مەترسییە" بۆ هەموو جیهان و دواڕۆژ و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

لێکۆلەرێکی بواری ژینگەیی بە تۆڕی هەواڵیی "بی بی سی" دەڵێت، بارانی وازۆر و لەو قەبارە بێوێنەیەدا، نە تەنها بۆ وڵاتی هەژار، بەڵکوو بۆ وڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکانیش ماڵوێرانی دەبێت.

رزگارکردنی خەڵک لە چەند ناوچەیەکی پاکستان بەردەوامە، نزیکەی نیوەی بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەو وڵاتە ژێرئاو کەوتووە، هەر بۆیە حکومەت هۆشداری لەبارەی کەمیی خۆراک داوە.

زۆربەی خەڵکی ئەو وڵاتە هەست بە نادادپەروەری دەکەن. سەرەڕای ئەوەی پاکستان لەسەتا یەکی ئەو گازانە دروستدەکات کە گۆی زەوی بەهۆیەوە گەرمتر دەبێت، بەڵام هەڵکەوتەی جوگرافیایی ئەو وڵاتە وایکردووە زۆرترین زیانی لە گۆڕانکاری کەشوهەوادا بەربکەوێت.

شێری رەحمان، وەزیری کاروباری ژینگەیی پاکستان دەڵێت: یەک لەسەر سێی پاکستان ژێرئاو کەوتووە، رووداوی لەو شێوەیە و بەو قەبارەیە، لە رابردوودا نەمبینیوە.

پاکستان بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاییەوە، دوو بارستە هەوا دەیگرێتەوە. یەکیان دەبێتە زیادبوونی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی لێدەکەوێتەوە، وەک شەپۆلە گەرمەکانی مانگی ئاداری رابردوو، ئەوەی دیکەش بارانە وەرزییەکانە.

زۆربەی خەڵکی پاکستان لە نزیک رووباری "سێند" دەژین، ئەو رووبارەش بەهۆی بارانە وەرزییەکانەوە، ئاستی ئاوی بەرزدەبێتەوە و  دواجار لافاو هەڵدەستێت.

پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و زیاتربوونی بارانە وەرزییەکان، روون و ئاشکرایە. گەرمبوونی گۆی زەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەهۆیەوە ئاوێکی زیاتری دەریاکان دەبنە هەڵم. هەوای گەرم دەتوانێت شێی زیاتر لەخۆیدا رابگرێت و ئەمەش بارانە وەرزییەکان زیاتر دەکات.

یەک لەسەر سێی پاکستان ژێرئاو کەوتووە
یەک لەسەر سێی پاکستان ژێرئاو کەوتووە

ئانیا کاتزێنبێرگێر، زانای بواری ژینگەیی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی کەشوهەوای پۆتسدامی ئەڵمانیا، دەڵێت: پسپۆڕان پێیانوایە لە وەرزی هاویندا تێکرای بارانە وەرزییەکان هیند کە پاکستانیش دەگرێتەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، زیاتر دەبێت.

هەڵبەت کێشەیەکی دیکە کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر دەکات، داوێنی پاکستانی گرتووەتەوە و ئەویش، توانەوەی کێوە سەهۆڵییەکانە.

هەندێ جار وەک "جەمسەری سێیەم" باس لە ناوچە باکوورییەکانی پاکستان دەکرێت، چونکە دوای دوو جەمسەرەکەی گۆی زەوی، زیاترین کێوە سەهۆڵییەکانی جیهان لەوێیە.

لەگەڵ گەرمتربوونی گۆی زەوی، کێوە سەهۆڵییەکان زیاتر دەتوێنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی بەرنامەی پەرەپێدانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کێوە سەهۆڵییەکانی ناوچەکانی "گگلت-بلتستان" و "خەیبر پختونخوا" زۆر بە خێرایی دەتوێنەوە، بە جۆرێک کە سێ هەزار گۆمی دروستکردووە.

33 لەو گۆمانە ئاستی ئاویان بەرزتردەبێتەوە و بە هۆی ملیۆنان مەتر سێگۆشەی ئاو و گڵ، مەترسی لەسەر حەوت ملیۆن دانیشتووی پاکستان هەیە.

حکومەتی پاکستان و نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەوڵی دانانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی خێرا و بەرگرین بۆ ئەوەی مەترسیی لافاوە لەناکاوەکانی کەمترببێتەوە.

ئەوە روونە وڵاتانی هەژار کە سیستەمی دژەلافاو و بیناکانیان لاوازە، زیانی زیاتریان بەهۆی لافاوەوە بەردەکەوێت.

هەڵبەت فەرهاد سەعید زانای بواری کەشوهەوا، پێیوایە تەنانەت وڵاتانی دەوڵەمەندیش بەرگەی لافاوی بەهێز ناگرن.

ئەو زانایە بە "بی بی سی" گوت: ئێمە لە پاکستان تووشی دێوەزمەیەکی دیکە بووینە، باران و لافاو بەرادەیەک فراوان و خێران کە تەنانەت سیستەمە بەرگرییەکانیشی تووشی کێشە کردووە.

ئەو ئاماژەی بە لافاوەکانی ساڵی رابردوو لە ئەڵمانیا و بەلجیکا کرد کە دەیان کەس بە هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

گۆمی ناوچە شاخاوییەکانی پاکستان، مەترسی لەسەر حەوت ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە دروستکردووە
گۆمی ناوچە شاخاوییەکانی پاکستان، مەترسی لەسەر حەوت ملیۆن دانیشتووی ئەو وڵاتە دروستکردووە

ئاستی بارینی باران لە سێ مانگی رابردوو (حوزەیران، تەمووز و ئاب) لە پاکستان، 190٪ لە تێکڕای 30 ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

فەرهاد سەعید دەڵێت: فەرمانگەی کەشناسی پاکستان، خەڵکی لە دروستبوونی لافاو ئاگادارکردەوە. پاکستان سیستەمی ئاگادارکردنەوە و بەرگری باشی هەیە، بەڵام دەکرێ باشتریش بێت.

ئەو زیاتر گوتی: ئەو خەڵکانەی کەمترین رۆڵیان لە زیاتربوونی گازی کاربۆن هەیە، زیاتر لە هەموو کەسێک زیانیان پێگەیشتووە. قوربانییەکان لەناو خانووی قوڕدا دەژین و هیچ رۆڵێکیان لە گۆڕانی کەشوهەوادا نییە.

لافاو، هەندێ ناوچەی گرتووەتەوە کە دانیشتووانەکەی کەمتر لەو جۆرە بارانانەیان بینیوە، لەوانە ناوچە باشوورییەکانی 'سێند" و بەلوچستان کە وشک و نیوەوشکن.

فەرهاد سەعید دەڵێت: لافاوەکان، زەنگی مەترسییەکی راستەقینەن بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵێنی چارەکردنی گرفتەکانی گۆڕانی کەشوهەوایان داوە.  رووداوەکان لە کاتێکدان کە پلەی گەرمی گۆی زەوی، 1.2 پلەی سیلیزی زیادیکردووە و ئەمەش بۆ بەشی زۆری خەڵکی پاکستان بە واتای دەرچوونی بڕیاری مردنیان دێت.