جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو پرس لەگەڵ یەکێتی تاوتوێ دەکات

کڵاودیۆ کوردۆنی جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە هەولێرە
کۆبوونەوەی جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر- فۆتۆ: دەرباز ستار
کۆبوونەوەی جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر- فۆتۆ: دەرباز ستار

K24 – هەولێر

کڵاودیۆ کوردۆنی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە سەردانێک هەولێرە و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات، لە دەستپێکدا لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبووەوە و گفتوگۆ لەسەر دوو پرسی سەرەکی کراوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "هاتنی جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و بارودۆخی ئێستای عێراق".

گوتیشی: "لەبارەی هەڵبژاردن ئەویش بۆچوونی وابوو کە هەڵبژاردن لە مانگی 10ی ئەمساڵ ناکرێت، بەڵام زۆر دواکەوتنی خراپە و پێویستە هەموو لایەنەکان رێککەون".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی لایەنەکان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سەعدی پیرە گوتی: "ئێمە وەک یەکێتی ئامادەیین بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم کە سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات دەبێ ئەوان ئامادەکاری بکەن و لەگەڵ لایەنەکان قسە بکەن".

سەبارەت بە دۆخی عێراق و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، دەستپێخەری بافڵ تاڵەبانی هەروەها نێچیرڤان بارزانی هەیە، بۆ ئەوەی لایەنە عێراقییەکان بۆ گفتوگۆ بانگهێشتی هەولێر بکرێن لەپێناو چارەسەری کێشەکان".

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دوای هەڵبژاردنی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی سەعدی پیرە دەڵێت: "لەگەڵ پارتی دەمێکە ململانێمان هەیە، هەندێک جار گرژییەکان دڕوات تا بێتاقەت دەبن، دوای دەڵێن با بچینەوە دەوری مێزێکی خڕ و بەیەکەوە دابنیشتن، جگە لە رێککەوتن هیچ بەدیلێکی دیکەمان نییە، پێکەوە ئیشکردنی پارتی و یەکێتی وەکو زەواجی کاتۆلیکییە و تەڵاقی تێدا نییە، ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەبێ پارتی دەکرێت نە بەبێ یەکێتی، زۆر لایەن خۆیان تاقیکردەوە".

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند: "کڵاودیۆ کوردۆنی، جێگری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزییەکانی عێراق زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدات، دەیەوێت راوبۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەوانەی لە پەرلەمانی عێراق بەشدارن لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق وەربگرێت".

راشیگەیاند: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوان کڵاودیۆ کوردۆنی و لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، کە پێشتر جێنین هێنس پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق چەند جارێک لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە، بڕیاریش بوو لەم چەند رۆژەدا کۆبوونەوەیەک بۆ بڕیاردان لەسەر وادەی هەڵبژاردن و سیستەمی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".