قەیرانی وزە لە ئەوروپا؛ نرخی گاز جارێکی دیکە بەرزبوویەوە

K24 – هەولێر

سێ رۆژ دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند بەشێک لە هەناردەی گازی "نۆرد ستریم یەکی" بۆ ماوەیەکی کاتی راگرتووە، نرخی جیهانیی گاز بۆ مانگی تشرینی یەکەم بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

وڵاتانی ئەوروپایی خۆیان بۆ پلان و بەرنامەیەک ئامادە دەکەن تا رێگەیەوە بتوانن رووبەڕووی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی وزە ببنەوە.

تۆڕی هەواڵی "بی بی سی"، رەشنووسێکی ئامادەکراوی یەکێتی ئەوروپای پێگەیشتووە و هەوڵ بۆ پەسندکردنی لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە دەدرێت. رەشنووسەکە دیاریکردنی نرخ و کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی کارەبا و یارمەتیدانی ئەو بەشەی بازاڕ کە پەیوەستە بە وزەوە، لەخۆدەگرێت.

بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزیرانی وزەی یەکێتی ئەوروپا، لەبارەی ناوەڕۆکی رەشنووسەکە و تاوتوێکردنی، کۆببنەوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا، چەند وڵاتیکی ئەوروپایی وەکو سوید، فینلەندا و ئەڵمانیا، پلانی فریاگوزاریان راگەیاند.