لە سلێمانی زیاتر لە 20 هەزار خانووی زێدەڕۆ تاپۆ دەکرێن

"داوا دەکرێت تا 9ی ئەیلوول هاووڵاتیان مامەڵەکانیان پێشکەش بە پارێزگای سلێمانی بکەن"
سلێمانی
سلێمانی

K24 - سلێمانی

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، زیاتر لە 20 هەزار مامەڵەی تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ئەنجامدراوە و داوا دەکرێت، تا رۆژی 9ی ئەیلوول هاووڵاتیان مامەڵەکانیان تەواوبکەن.

پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە (5ی ئەیلوولی 2022) رایگەیاند، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری یاسای پارێزگای سلێمانی و لیژنە پەیوەندیدارەکان بە مامەڵەی تاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکانی سنووری سلێمانی کردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، کە رۆژانە زیاتر لە هەزار هاووڵاتی سەردانی پارێزگا دەکەن، بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان و تائێستا زیاتر لە 20 هەزار کەس مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەکانیان تەواوکردووە.

پارێزگای سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات، تا رۆژی 9ی ئەیلوول مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی بێبەشنەبن لە مافی یاسایی خۆیان بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانیان.

تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان بە گوێرەی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2019 پەرلەمانی کوردستانە، کە ئامانج لەو یاسایە تاپۆکردنی زیاتر لە 250 هەزار خانووی زێدەڕۆیە کە دابەشبوون بەسەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەگوێرەی یاساکە، نرخی تاپۆکردنی هەر مەترێک زەوی لە ناوەندی شارەکان، بە 15 بۆ 30 هەزار دینار، بۆ ناوەندی قەزاکان 10 بۆ 15 هەزار دینار و بۆ ناوەندی ناحیەکان بە 5  بۆ 8 هەزار دینار دیاریکراوە.