کێ دەچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت؟

خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت
خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت

K24 - هەولێر

لە نێوان "لیز تراس" و "ریشی سوناک"، یەکیان دەبێتە سەرۆکی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و دەچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت و وەک سەرۆک وەزیرانی وڵات دەستبەکار دەبێت.

جێگرەوەی بۆریس جۆنسۆن لەلایەن 160 هەزار ئەندامی حزبی پارێزگارانی بەریتانیا هەڵدەبژێردرێت. سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە دەبێتە میراتگری ئابوورییەک کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا هەڵاوسانی لەو شێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

حکومەت چەند رێکارێکی بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داناوە و مەبەست لێی، یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن پارەی خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و گاز بدەن.

بەشی پیشەسازی بەریتانیا هیوادارە سەرۆکوەزیرانە نوێیەکە پشتگیری لەو پرۆژانە بکات کە پێش لە گرانتربوونی نرخی وزە دەگرێت.

خاتوو تراس کە ئێستا وەزیری دەرەوەی بەریتانیایە و بەپێی راپرسییەکان چانسی بۆ بوون بە سەرۆکی حزبەکەی لە رکابەرەکی زیاترە، بەڵێنیداوە هەفتەیەک دوای ئەوەی وەک سەرۆکوەزیران دەستبەکاربوو، یارمەتی زیاتری هاونیشمانانی بدات.  

ئەو، دەیەوێت لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا، پێشنیاری کەمکردنەوەی باجی تا ئاستی 30 ملیار پاوەند لە رێگەی بوودجەیەکی فریاگوزارییەوە، بدات.

"لیز تراس" و "ریشی سوناک"

ریشی سوناک، قبووڵیکردووە لە رکابەرییەکەدا دۆڕاوە و رایگەیاندووە، "ئێستا ئەرکی من پشتگیری لە حکومەتە".

خاتوو تراس، تا ئێستا وردەکاریی پلانی خۆی بۆ پیشگرتن لە هەڵاوسانی زیاتر ئاشکرانەکردووە. ئەو تەنها باسی ئەوەی کردووە کە دەیەوێت بە شێوەیەکی کاتی باجی ژینگە لەسەر وەسڵی وزە لاببات و پێش لە زیادبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بگرێت.

"ریشی سوناک"ـیش باسی لە تەرخانکردنی بوودجەیەکی 15 ملیار پاوەندی و پێدانی 400 پاوەند بە هەر بنەماڵەیەک کردبوو، بەڵام دوای زیاتربوونی هەڵاوسان لە هاویندا، هەر دوو کاندید لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە "پێویستە پشتگیریی زیاتر لە خەڵک بکرێت".  

لیز تراس کێیە؟

لیز تراس، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.

خاتوو تراس لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.

ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.

ئەو، لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز تراس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.

لیز تراس
لیز تراس

 

تراس، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.

خاتوو تراس پێش لە راپرسیی ساڵی ٢٠١٦ لایەنگرنی مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.