لە تەقینەوەیەکدا دوو دیپلۆماتکاری رووسی لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستدا
K24 – هەولێر
لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە نزیک باڵیۆزخانەی رووسیا لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان، دوو دیپلۆماتکاری رووسی گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوونە.
ئاژانسی دەنگوباسی رووسیی "ئارتی" بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، بڵاویکردووەتەوە، لەو کاتەیدا کۆمەڵە خەڵکێک لە پێش دەرگایەکی باڵیۆزخانە ریزببوون، کەسێکی خۆکوژ لێیان نزیکبووەوە و خۆی تەقاندەوە.
هەڵبەت "خالید زدران" وتەبێژی پۆلیسی تالیبان لە کابول، جیاواز لە ئاژانسی دەنگوباسی "ئارتی"، رایگەیاندووە کە "هاووڵاتییەکی سڤیل گیانی لەدەستداوە و 10ـی دیکەش برینداربوونە.
ئەو لە تویتێکدا نووسیویەتی، "خۆکوژەکە بەر لەوەی بگاتە پێش باڵیۆزخانە، لەلایەن پاسەوانانەوە کوژرا و ئەو تەقەمەنییەی کە پێیبووە، تەقیوەتەوە.
تا ئێستا ئاماری راستەقینەی رووداوەکە نادیارە، بەشێک لە میدیاکان باس لە ژمارەی زیاتری قوربانیان دەکەن.
هێزەکانی تالیبان چواردەوری شوێنی رووداوەکەیان گرتووە و ئێستا هاتوچۆ لەو ناوچەیە قەدەغەیە.
رووسیا یەک لەو دەگمەن وڵاتانەیە کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ تالیبان هەیە و دوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن تالیبانەوە، مۆسکۆ باڵیۆزخانەکەی لە کابول بەکراوەیی هێشتەوە.