سەڵاحەددین بەهائەدین: پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا کاتی هەڵبژاردن دیاربکرێت
K24 - سلێمانی
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (5ی ئەیلولی 2022) سەڵاحەددین بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی شورای حزبەکەی راگەیاند "ئامانجەكان بۆ ئەوە دەچن هەڵبژاردنەكانی هەرێم دوادەخرێت، كە ئەوەش جێگەی نیگەرانیە، بەڵام پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەپێناو شكۆی هەرێمی کوردستاندا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە، رێگری بكەن لەوەی ئەو دواكەوتنە كاتێكی زۆر نەخایەنێت و لە ماوەیەكی كەمدا كاتی رۆژی هەڵبژاردن دیاریبكرێت".
سەڵاحەددین بەهائەدین باسی لەوەشکردوە، کە چارەسەرنەبوونی دوو ئیدارەیی، كاریگەری تەواوی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەبووە، بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی، گوتووشیەتی "جێی داخە پاش دەیان ساڵ لە ناكۆكی نەتوانراوە چارەسەرێكی ریشەیی بۆ ناكۆكییەكان لەنێوان لایەنەكان بدۆزرێتەوە، كە هاووڵاتیان نەبنە سووتەمەنی".
رۆژی 30 ئەیلوولی 2022، چوار ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بەگوێرە یاسا دەبوو تا ئەو کاتە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرەتای ئەمساڵ، مانگی تشرینی یەکەمی دیاریکردبوو بۆ هەڵبژاردنەکە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان، ناکۆکن لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن (لەنێوان فرە بازنەیی و یەک بازنەییدا).
لە چەند مانگی رابردووشدا، بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکان و دیارکردنی کاتی هەڵبژاردن، چەند جارێک کۆبوونەوەی سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا جارێکی دیکە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ دیارکردنی وادەی هەڵبژاردن.