کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر پاڵپشتی لە پڕۆسەی چاکسازی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 - هه‌ولێر:

کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر، پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هەنگاو بڕیارەکانی وەزیری پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە بایەخەوە لەرێکخستنەوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانێت و لەمڕوانگەیەوە هاوکاری و هەماهەنگییەکان بەردەوام دەبێت.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ (دووشه‌ممه‌ 5ـی ئه‌یلوولی 2022)، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە هیکس جونیەر کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی سەربازی و دیبلۆماسی، كرد.

لەدیدارێکدا، دۆخی سیاسیی و سەربازی ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، هەردوولا هاوڕابوون، لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە. 

کونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ولێر، وێڕای دەستخۆشی، پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی و کارکردن لەپێناو لابردنی لەمپەر و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە، دووپاتکردەوە.

روونیکردەوە، رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان ئەرکێکی قورسە و پێویستی بە هاوکاری و پشتگیری هەمووان هەیە.

گوتیشی: پشتیوانی بۆچوونی وەزیری پێشمەرگە دەکەین، لە دروستکردنی هێزێکی تۆکمەی یەکگرتووی سەربازیانە، ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانان بە ئەرکی خۆیان هەڵساون و چاوەڕوانی زیاتریان لە رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە.