شەش حاڵەتی لەدایکبوونی سێیانەی نەبەکام لە سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکدان

"فشار لەسەر یەکەی منداڵی تازە لەدایکبوو دروستبووە و کارمەند و پەرستارمان کەمە"
نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە سلێمانی
نەخۆشخانەیەکی منداڵبوون لە سلێمانی

K24 - سلێمانی

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی زۆربوونی لەدایکبوونی منداڵی بلوورییەوە، فشارێکی زۆر لەسەر بەشی یەکەی منداڵی تازە لەدایکبوو دروستبووە و لە ئێستادا 18 منداڵ کە بەرهەمی شەش حاڵەتی لەدایکبوونی سێیانەن لە بەشی نەبەکام لەژێر چاودێریدان.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "لەبەرئەوەی لە ئێستادا بۆ چارەسەری منداڵ نەبوون، رێگای بلووری بەکاردەهێنرێت و منداڵ لەدایکبوون بە بلووری زۆر بووە، بەشێک لەو دایکانە سکەکانیان دووانی و سیانی و چوارین، زۆربەشیان منداڵەکانیان بە نەبەکامی لەدایک دەبن".

ئەو پزیشکە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەوەی، ئەو دایک و باوکانەی منداڵیان نابێت، بە رێگەی بلووری هیوایان بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام باسی لەوە کردووە، کە فشارێکی زۆر لەسەر یەکەی منداڵە تازە لەدایکبووەکان دروستبووە، بەجۆرێک لە ئێستادا تەنها لە بەشی دووەمی یەکەی منداڵە تازە لەدایکبووەکانیان، نزیکەی چل منداڵ لە ژێر چاودێری پزیشکدان، کە 18 منداڵیان بەرهەمی تەنها شەش سکپڕین (واتە شەش سکی سێیانی)، هەروەها چواریشیان بەرهەمی دوو سکپڕین (واتە دوو سکی دووانی)، سەرجەم ئەو منداڵانەش نەبەکامن.

منداڵی پێشوەخت یان نەبەکام، بەو منداڵانە دەگوترێت کە پێش وادەی ئاسایی خۆیان کە (37 هەفتەیە) لەدایکدەبن.

پشدەر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، کە کەمی کارمەند و پەرستار کێشەی بۆ دروستکردوون و ناتوانن بە باشی خزمەتی شایستە بۆ منداڵەکان دابینبکەن، بۆیە داوا دەکات، بە زووترین کات بەدەنگیانەوە بچن و کێشە و کەموکوڕییەکانیان بۆ چارەسەربکەن.

د. پشدەر عەبدوڵڵا
د. پشدەر عەبدوڵڵا

 منداڵ بوون بە بلووری، بریتییە لە پیتاندنی تۆوی باوک و هێلکەی دایک لە دەرەوەی جەستەی دایک، لە رێگەی تەکنیکی پزیشکییەوە، دوای دروستبوونی کۆرپەلە دەگەڕێندرێتەوە بۆ ناو رەحمی دایک، ئەم رێگایەش زیاتر بۆ ئەو ژن و مێردانە بەکاردەهێندرێت، کە بە رێگەی سرووشتی ناتوانن منداڵیان ببێت.

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، لە مانگی رابردوودا (ئاب)، لە نەخۆشخانەی منداڵابوونی سلێمانی، هەزار و چوار منداڵ لەدایکبوون، کە 487 منداڵیان کوڕ بوون و 517 منداڵیان کچ بوون، 22 حاڵەتی لەدایکبوونەکان دوانەبوون و چوار حاڵەتیان سیانە بوون، هەروەها مانگی رابردوو 750 منداڵی نەبەکام لە نەخۆشخانەی منداڵان تۆمارکراوە.