مشکگرەکەی بەریتانیا لە کابینەی نوێدا دەمێنێتەوە

K24 – هەولێر
سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا هەڵبژێردرا و کلیلی خانووی ژمارەی 10ی داونینگ ستریتیشی پێدرا، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەلای زۆربەی خەڵکەوە روون نییە، چارەنووسی "لاری"ـیە.
زیاتر لە دەیەیەکە، لاری (پشیلە ناودارەکەی بەریتانیا) لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دامەزراوە و ئەرکی راوەمشکی پێئەسپێردراوە.
"لاری" هەڵگری نازناوی "مشکگری" کابینەی حکومەتە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی داونینگ ستریت (حکومەتی بەریتانیا)، ئەرکەکانی لاری بریتین لە "پێشوازیکردن لە میوانانی نووسینگە، پشکنینی پەرژینە ئەمنییەکان و راوکردنی مشکەکانی نووسینگەکە". ستافی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، خەرجیی پشیلەکەیان لەئەستۆ گرتووە.
لاری، زۆری حەز لە میوانی پیاو نییە، بەڵام لەگەڵ باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکادا کێشەی نەبووە و جارێکیش لەژێر ئۆتۆمبێلی دۆناڵد ترامپدا، سەرخەوێکی شکاندووە. لاری، ناوبانگێکی زۆری دەرکردووە و تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەردا، خاوەنی زیاتر لە 650 هەزار فۆڵۆوەرزە.
میدیاکانی بەریتانیا دوای گۆڕانکاری لە سەرۆکوەزیران و کابینەکەیدا، دیسان زوومی کامێراکانیان خستەوە سەر "لاری".
"لاری"، کارمەندی فەرمی داونینگ ستریتە و پەیوەندی بە بۆریس جۆنسۆنەوە نییە، هەر بۆیە لە پۆست و پێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە و پێدەچێت ئەمەش هەواڵێکی خۆش بۆ بەریتانییەکان بێت.
