مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە لیز ترەس دەکات

 K24 – هەولێر

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە لیز ترەس سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، نووسی "دڵنیام لە ژێر سەرکردایەتی ئێوەدا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا زیاتر بەرەوپێش دەچن".

ئەمڕۆ (سێشەممە 6ـی ئەیلول) لیز ترەس وەک سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەلایەن شاژنە ئێلیزابێسی دووەم بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەکەی راسپێردرا.

رۆژی یەکشەممە 5ـی ئەیلول، ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، (لیز ترەس)ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بە پێی سستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات. 

لیز ترەس، توانی بە بەدەستهێنانی 81 هەزار و 300 دەنگ بەسەر (ریشی سوناکی)ـی رکابەریدا (ئەو نزیکەی 60 هەزار دەنگی بەدەستهێنا) سەربکەوێت و بچێتە خانووی ژمارە 10ـی داونینگ ستریت.