محه‌مه‌د شوكری: به‌ بۆری غاز ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ماڵان

ئه‌مساڵ قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو زیاتر بووە لە 686 ملیۆن دۆلار
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان
محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان

K24 – هه‌ولێر:

محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، رایگه‌یاند، "لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەندرێتە ماڵان".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان له‌ لێدوانێكدا بۆ سایتی حكومه‌ت له‌ باره‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ رایگه‌یاند، دەستەی وەبەرهێنان بەردەوامە لە پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوەکو ئێستا لە رێگەی پڕۆژەکانیشەوە بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەلى کار بۆ زیاتر لە 120 هەزار کەس رەخسێنراوە.

گوتیشی: قەبارەی پارەی وەبەرهێنراو لە ساڵى 2022  دا زیاتر بووە لە 686 ملیۆن دۆلار، و لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمیش دەگاتە %20ی تێکڕای پڕۆسەی وەبەرهێنانی 17 ساڵی رابردوو و هۆکارى زۆرى رێژە و قەبارەى وەبەرهێنانی بۆ ئاسانکارییەکیان گێڕایەوە کە لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان زیاتر بۆ وەبەرهێنەران دەکرێت.

ئاماژەشی بەوەدا کە لە کابینەی نۆیەم دا مۆڵەتی 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و پڕۆژەکانیش دراونەتە وەبەرهێنەرەکانی دیکە، چونکە گرفتییان هەبووە و نەیانتوانیوە پڕۆژەکانیان تەواو بکەن و یا خزمەتگوزارییان تێدا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک پڕۆژە هەبووە کە لە پلانەکانیان خزمەتگوزاریی گشتیی نەبووە، بۆیە دەستەى وەبەرهێنان لە شوێنی تر خزمەتگوزارییان پێ ئەنجام داون و چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی و سەوزایی بە وەبەرهێنەران دروست کراون.

له‌ باره‌ی غازی ماڵانیشه‌وه‌ گوتی: ''مۆڵەتی پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دراوە، بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکێیان دروستکردنی عەمبارەکانی غازە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن و قۆناغێکی تر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکانە. لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، کە ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەبەرهێنانەوە بۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات.''