لیز ترەس: ئەگەر لە دەرەوەی بەریتانیا ئاسایش نەبێت لەناو ماڵەکانمان نابێت

وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا لیز ترەس یه‌كه‌م گوتاری پێشكه‌شكرد
لیز تره‌س
لیز تره‌س

K24 – هه‌ولێر:

لیز ترەس، وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە یەکەم گوتاریدا رایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی جیهان دەکەین.

ترەس راشیگه‌یاند، ئەگەر لە دەرەوەی بەریتانیا ئاسایش نەبێت، لەناو ماڵەکانمان ئاسایشمان نابێت.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە ئەو کێشانەی بوونەتە هۆی رێگریکردن لە بەرەو پێشچوونی بەریتانیا، چارەسەریان بکەین".

ده‌شڵێت: "پێویستمان بە بنیادنانی رێگا، خانوو، باڵەخانە و خزمەتگوزاری زیاترە، پێویستمان بە وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاترە لە هەموو شار و شارۆچکەیەکی ئەم وڵاتە".

تره‌س ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، دەبێت تێچووی سەرشانی خێزانەکان کەمبکەینەوە، دەزانم ئاسان نییه‌، بەڵام دەتوانین ئەنجامیبدەین، بەریتانیا و هاوپەیمانەکانی بەرگری لە ئازادی و دیموکراسی هەموو جیهاندا دەکەن.

گوتیشی: "وەک سەرۆک وەزیران سێ کاری لەپێشینەم هه‌یه‌، یەکەم، ئابووری بەریتانیا دەبووژێنمەوە، له‌مپێناوه‌ پلانی خۆمم هەیە، دووەم، چارەسەری قەیرانی وزە دەکەم، کە بەهۆی شەری پوتنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەم هەفتەیە هەنگاوی کرداری دەنێم بۆ مسۆگەرکردنی پێداویستی وزە بۆ داهاتوودا. سێیەم، دڵنیادەبمەوە لەوەی خەڵکی بەریتانیا دەتوانن پزیشک و خزمەتگوزاری تەندروستی پێویستیان پێدەگات. نابێت هیچکات لەبەردەم ئاڵنگارییەکاندا چۆکدابدەین."